۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

قاسملوو بۆ بەرەو پیلی مەرگ چوو؟


قاسملوو بۆ بەرەو پیلی مەرگ چوو؟
قاسملوو بۆ بەرەو پیلی مەرگ چوو؟ئاگری باڵەکی
دوکتور قاسملوو ئەوەی کرد کە پێشەوا کردی، بەڵام لە کات و شوێنی جیاوازدا،دوکتور قاسملوو پڕمەترسیترین رێگای گرتەبەر تا بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات بە دۆخی ئەمڕۆ نەگات.

ئەو سه‌رتیتره‌ی سه‌ره‌وه‌پرسیارێکه‌که‌ماوەی ٢٥ ساڵە لە مێشکی ئێمەدا دێت و دەچێ! ئه‌رێ بۆ قاسملوو بە دەستی خۆی بەرەوپیلی مەرگ چوو؟ لە راستیدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌زۆر گوتراوە و زۆر بیستراوە.

ئه‌رێ بۆ د. قاسملوو بەو هەموو زیرەکییەی کە هەیبووە، لە داوێک کەوت کە بەدەیان جار سه‌باره‌ت به‌م جۆره‌پیلانانه‌هاوڕێیان و ئەندامانی حیزبیی خۆی ئامۆژگاری دەکرد کە قەت باوەڕ بە عەجەم نەکەن، هەر چەند دەتوانم بڵێم ئەم قسەیەی کە باوەڕ بە عەجەم نەکەن، لە بابییه‌وه‌بۆی مابوویەوە. هەر وەک خۆی لە چەندین بۆنەدا ئەمە باس دەکات، چونکە لەو ساڵەدا کە (سمکۆی شکاک ) بە دەستی سوپای ئێران تیرۆر کرا، قاسملووش لەدایک ببوو . ئەو چاک دەیزانی کە نابێ بە بیانووی گفتوگۆ لەگەڵ عەجەم به‌نهێنی دابنیشێ، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە نەدەبوو روویدابا، روویدا.

قاسملوو هەروەک بۆخۆشی باسی دەکرد، سێ ئەسڵی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانابوو: گفتوگۆکان دەبێ ئاشکرا بن، لایەنی سێیەم دەبێ بەشدار بێت و لەگەڵ دەوڵەتیش بێت. هەرچەندە بەردەوام خۆی جه‌ختی لەسەر ئەو ئەسڵانە دەکرده‌وە، بەڵام لە ئاخرین دانیشتنی لەگەڵ بەناو نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم ئەسڵانەی بە ئەنجام نەگەیاند.

بەڵام ئەگەر قاسملوو ئەو شتانەی دەزانی، بۆ بەرەو پیلی مەرگ چوو؟ بۆ د.قاسملوو بڕیاری دا کە گفتوگۆ بکات؟ قاسملوو بۆ بڕیاری دا بە تەنیا دابنیشێت؟ چۆن قاسملوو رازی بووە بەبێ لایەنی سێیەم لە گفتوگۆکاندا بەشدار بێت؟ چۆن بوو قاسملوو بێ ئەوەی ئاگادار بێت لە شێوه‌و کەسەکانی وەڤدەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵیان دانیشت؟ بۆ هیچ که‌ره‌سه‌یه‌کی پارێزگاری پێ نەبوو؟ یان پارێزگاری لەگەڵ نەبوو؟ ئەوانە و کۆمەڵێک پرسیاری تریش تا ئێستا وەڵامێکی گونجاویان بۆ نەدیتراوەتەوە یان ئەگەر وەڵامیشیان درابێتەوە، ئەوەندە وەڵامەکان تەم و مژاوین کە بەڕاستی مرۆڤ بە قەناعەت ناهێنێ.

ڤییه‌ن، پێنج شه‌ممه‌، ١٣ی‌ژووئیه‌ی‌١٩٨٩ رۆژێکی لەیاد نەچوو لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، رووداوی تیرۆری قاسملوو ماوەی ٢٤ ساڵە بێ وەڵام ماوەتەوە، بێ وەڵامی لەوەی نا کە بکوژەکان کێ بوون یان سەر بە چ لایەنێک بوون، بێوەڵامی لەوەی کە نازانرێ چۆن د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو رازی بووە کە بە دەستی خۆی بکه‌وێته‌نێو داوێک کە خۆی لە هەموو کەس زیاتر راوچییەکانی باشتر ناسیوە.

کەسایەتیی گوماناویی نێو پلانەکە:
فازڵ رەسووڵ ( ئەنوەر) کێیە؟ بۆچی بەشێک پێیانوایە کە فازڵ رەسووڵ لە تیرۆرەکە ئاگادار بووه‌؟ ئایا تیرۆریستان بۆ لەنێوبردنی شاهید ئەویشیان لەناو بردووە؟ ئایا ئەو ویستوویەتی ببێتە کەسێکی مێژوویی کە لەسەر دەستی ئەو، کێشەی پارچەیەک چارەسەر بێت.

فازڵ رەسووڵ (ئەنوەر) کەسێک بووە کە زۆربەی وەرگێڕادراوەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی بوون یان نووسەرانی ئەو کتێبانەی کە ئەو وەریگێڕاون، لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی بوون، وەک نموونە وەرگێڕانەکانی لە فارسییەوە بۆ عەرەبی: "ئێران غوربەتی سیاسەت و شۆڕش، ئەبولحەسەن بەنی سەدر. سنووری جیاکەرەوەی سیاسەت و دین، مەھدی بازرگان. نەوت و کۆنتڕۆڵ، ئەبولحەسەن بەنی سەدر"، یاخود لە نووسینەکانی وەک نموونە "ئاوا عەلی شەریعەتی دوا؛ بە زمانی عەرەبی". ئەمانە گومان لەوە دەکەن کە فازڵ رەسووڵ وەک کەسێک زۆر نزیک لە بیرۆکەی کۆماری ئیسلامی ژیاوە و بەپێی ئەو هەڵسوکەوتی کردووە، بەڵام بەڕاستی فازڵ رەسووڵ کێیە؟

دکتۆر (فازڵ مەلا مەحموود مەلا رەسووڵ) لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. لە قۆناغی ناوەندی لە سەردەمی حکوومەتی (بەکر سدقی) زیندانی کراوە. لە سەرەتای لاویەتیدا جموجۆڵی ڕۆشنبیری و سیاسی ھەبووە و وەک "چەپییەکی مائۆیی" خەباتی کردووە. لە حەفتاکاندا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان. لە نیوەی حەفتاکاندا بەرەو ئەوروپا دەکەوێتە ڕێ و لە نەمسا دەگیرسێتەوە و پەرە بە خوێندنی خۆی دەدا. لە ساڵی ١٩٨٥ لە بەرلین بڕوانامەی دکتۆرای بە دەست ھێنا لە زانستی سیاسەتی نێو دەوڵەتی. ساڵی ١٩٨٦ لە بەیروت گۆڤاری (مینبەر ئەلحیواری دامەزراند. چەندین کتێبی نوسیووە و وەرگێڕانی کردوون. (سەرچاوە: ویکپیدیا - کتێبی رەحمانی کوردان)

هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌فازل ره‌سووڵیان ده‌ناسی‌له‌ئاڵوگۆڕی‌یه‌ك له‌دوای‌یه‌كی‌بیروبڕوای‌سیاسی‌‌و ئیدئۆلۆژیكيی‌ئه‌و به‌باشی‌ئاگادارن؛ له‌ عێراق‌خه‌باتكارێكی‌كورد بوو‌، و هێنده‌ی‌پێ‌نه‌چوو بوو به‌مائۆئیست‌و دوایه‌رۆیشته‌تاراوگه‌‌. لایه‌نگرێكی‌توندوتیژی‌(مائۆ تسه‌تۆنگ) بوو‌. ساڵی‌١٩٧٨ چوو بۆ چین‌و گه‌ڕایه‌وه‌‌و له‌ساڵه‌كانی‌١٩٨٣‌و ١٩٨٤دا، دووجار به‌سه‌فه‌ر چۆوه‌ئه‌وێ‌‌و پاشان، بیر‌و بڕوای‌خۆی‌گۆڕی‌‌و بوو به‌موسوڵمان. (رەحمانی کوردان، کارۆل پرونهوبێر).

مام جەلال تاڵەبانی لە دیمانەیەکدا دەربارەی فازڵ رەسووڵ دەڵێ: «هه‌ر بۆیه‌ش قاسملووی‌هان دا بچێته‌ڤییه‌ن‌. كابرایه‌كی‌(فازل رەسووڵ) هه‌لپه‌ر‌ست بوو. به‌نی‌سه‌در‌و بن‌بیللا باش نایناسن. له‌سه‌رده‌می‌منداڵییه‌وه‌ده‌مناسی .

له‌خوێندنگه‌ی‌ناوه‌ندییه‌وه‌، ده‌گه‌ڵ‌برا گه‌وره‌كه‌ی‌، هاوكلاس بووین. ئه‌و نوێنه‌ری‌رێكخراوی‌خوێندكاران‌و حیزبه‌كه‌مان بوو. كاتێك حیزبی‌كۆمه‌ڵه‌ی‌عێراقمان پێك هێنا، ده‌گه‌ڵ‌كه‌وت. دوای‌ماوه‌یه‌ك چوو بۆ لای‌حیزبی‌كۆمۆنیستی‌عێراق‌و ده‌گه‌ڵ‌باڵی‌شۆڕشگێڕەكان كه‌وت. پاشان بوو به‌مائۆئیست‌و سه‌رئەنجام ئیسلامییه‌‌كی‌بناژۆ. ئاخرییه‌كه‌شی‌، به‌هۆی‌ئیسلامیبوونێكی‌ته‌واو بناژۆ، پێوه‌ندییه‌كی‌باشی‌ده‌گه‌ڵ‌(به‌نی‌سه‌در) و (بن بيللا) دامه‌زراندبوو." مام جەلال هەر دەربارەی (فازڵ رەسووڵ)ەوە دەڵێ ‌«فازڵ كه‌وتبووه‌ژێر پۆز‌و له‌خۆبایی‌بوونه‌وه‌‌و هه‌میشه‌له‌هه‌وڵی‌ئه‌وه‌دا بوو زه‌ینی‌خه‌ڵكی‌بۆلای‌خۆی‌راكێشێ‌‌و هه‌میشه‌ده‌گه‌ڵ‌كچان تێكه‌ڵاو بوو. له‌وڵاتی‌ئێمه‌ده‌زانن كاری‌وا چ ئاكامێكی‌هه‌یه‌.

ته‌نانه‌ت ماچكردنی‌كچێك وه‌ك جینایه‌تێك چاوی‌لێ‌ده‌كرا». لە کۆتا قسەکانیدا مام جەلال تەکید دەکاتەوە کە ئه‌و لەسەر ئەو بڕوایه‌بوو كه‌ئێرانییه‌كان ده‌یانه‌وێ‌قاسملوو بكوژن‌و ره‌سووڵیان پێ‌باشترین كه‌س بوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌پیلانه‌كه‌یان. تاڵه‌بانی‌دواتر دەڵێ: «له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م بۆیه‌ئه‌ویان هه‌ڵبژاردبوو چونكه‌لایه‌نه‌لاوازه‌كانی‌ئه‌ویان زۆر باش بۆ ده‌ركه‌وتبوو». (رەحمانی کوردان، کارۆل پرونهوبێر).

بەڵام هۆکاری چ بوو کە قاسملوو لەو داوە کەوت و دوور لە چاوی هاوڕێ و ئەندامانی حیزب خۆ له‌قه‌ره‌ی کارێکی وه‌ها پڕ له‌مەترسی ده‌دات؟
د. قاسملوو کەسایەتییەکی دوورئەندێش بوو، بە فاکت و هۆکارەوە بۆ داهاتوو دەیڕوانی،هیچ کات بڕیارێکی بەبێ پرس و راو و ئاکامەکانی نەدەدا، هەر بۆیەش لە بارەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وا بیری دەکرده‌وە، زۆر هۆکار هەبوون کە قاسملووی پاڵ پێوەنا بۆ ئەوەی لەوەها داوێک بکەویت، لێرەدا چەندین فاکت دەخەینەبەر دیدی خوێنەران کە بۆخۆیان لەوبارەوە قەزاوەت بکەن.

فاکتی یەکەم کە دەتوانرێ گرینگترین فاکتیش بێت، هەروەک هەموو لایەک ئاگادارین لە کاتی تیرۆرکرانی د. قاسملوو دا ماوی چەند مانگێک بوو کە ئێران و ئێراق شەڕی هەشت ساڵەیان راگرتبوو، و بە کردەوە ئاگربەستیان لە هەموو بەرەکانی شەڕدا رەچاو دەکرد. خومەینی ماوەی مانگێک بوو لە ژیاندا نەمابوو، رەفسەنجانی بۆ ماوەی کاتی جێگای گرتبوویەوە‌، هەڵبەتە مردنی خومەینی ناتوانین دابنێن بە یەکێک لە فاکتەرەکان، چونکە پێش مردنی خومەینیش، د. قاسملوو لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئیران دانیشتنی هەبوو.

لە ٣٠ و ٣١ی دیسامبری ١٩٨٨ و ١ی جولای ١٩٨٩ بە ناوبژیوانی نوێنەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان. بۆیە مردنی خومەینی ناتوانین دابنێن بە فاکتەری بەهێز بۆ ئەوەی د.قاسملوو چووە سەر میزی گفتوگۆ، بەڵام دوکتور قاسملوو لەوە دەترسا کە دیسان پەیماننامەیەکی دیکە وەک ئەوەی ئەلجەزائیری ١٩٧٥ دووبارە بێتەوە، کە حکوومەتەکانی ئەوکاتی ئێران و ئێراق لەسەر لەناوبردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان رێک کەوتبوون . د. قاسملوو لە نسکۆیەکی تر دەترسا، ئەو دەترسا لە بوونی وەها قەراردادێکدا ئەوەی ئه‌و چەند ساڵە هەوڵی بۆ داوە، هەمووی بە یەک واژۆ لە ناو دەچێت. ئەوانه‌ی لەکاتی خۆیدا لە ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی ئاگربەستی ئێران و ئێراق لە بنکەکانی حیزبی دێمۆکرات بوون لە قەندیل، ئەوە چاک دەزانن پێش چوونی د. قاسملوو بۆ دەرەوه‌و هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسێک لەنێو حیزبدا هەبوو بەنێوی رۆژی رەش یانی ئەو رۆژەی کە ئێران و ئێراق لەسەر بزووتنەوەی کورد دەگەنە تەوافقیک و دیسان رێککه‌وتنی ئەلجەزائیرێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە.

د. قاسملوو ئەوەی باش دەیزانی لە بوونی وەها پەیمانێکدا بزووتنەوەی کورد چ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە باشووری کوردستان تووشی نسکۆیەکی تر دەبێت، هە ربۆیە ویستی بەهەر نرخێک بێت رێگاچارەیەک ببینێتەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە لەو قەیرانە رزگار بکات، بەڵام نەیدەزانی کە گیانی لەو پێناوەدا دادەنێت.

هەڵبەتە دەتوانم بڵێم قاسملوو چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە ساڵێک دواتر لەسەر هەڵەیەکی (سەدادم حوسێن) راپەرینی بەرینی جەماوەری لە باشووری کوردستان روو بدات، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە بەرپرسانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ویستوویانە کە کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران چارەسەر بێت، هەروەک لەوەوپێشیش دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٤ هەوڵی دابوو کە کێشەی کوردی باشوور لەگەڵ رێژیمی (سەددام حوسێن) بە گفتوگۆ کۆتایی پێ بێنێت و ئەو گفتوگۆیانە لە بەغدا و بە نێوبژێوانی د. قاسملوو لە نێوان کوردی باشوور و حکوومەتی ئێراق بەڕێوە چوون کە بە "موفاوەزاتی ٨٤" ناوبانگی دەرکرد و بەداخەوە ئاکامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە.

دەتوانم بڵێم قاسملوو دەیهەویست کە پشگیری لە رووداوێکی نەخوازراو بکات و بەهەر شێوەیەک بێت نەهێڵێ کە شۆڕشی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی شکست بێت . دەتوانین بڵێین کە د.قاسملوو ئەوەی‌کرد کە پێشەوا قازی محەممەد لە کاتی خۆیدا کردی، بەڵام لە کات و شوێنی جیاوازدا.

هێلێن (نەسرین خانم) لە بارەی ئەوەی کە بۆ د. قاسملوو چووە سەر میزی گفتوگۆ دەڵێت: "عه‌بدوڕە‌حمان چوو ده‌گه‌ڵ‌گورگان دابنیشێ‌، رۆژێك پێشتر پێی‌گوتم ده‌چێته‌ڤییه‌ن‌‌و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌بوو ره‌فسه‌نجانی‌‌و ده‌وڵه‌تی‌ئێران ناوێرن هیچی‌لێ‌بكه‌ن‌و له‌وه‌به‌ته‌واوی‌ئه‌رخه‌یان بوو كه‌ده‌وڵه‌ت پێویستی‌به‌رێككه‌وتنێك ده‌گه‌ڵ‌خۆی‌‌و ده‌گه‌ڵ‌كورده‌كان هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ی‌بیروبڕوای‌توندوتیژیی‌خه‌ڵكی‌دنیا‌له‌دژی‌خۆیان خاو كه‌نه‌وه‌,پێویستیان به‌رێككه‌وتنێك ده‌گه‌ڵ‌ئێمه‌هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بۆ مانه‌وه‌له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات پێویستیان به‌و رێككه‌وتنه‌هه‌یە".

جاناتان رەنداڵ، دەربارەی ئەو هۆکارانە چ بوون کە پاڵی بە قاسملووە نا کە بچێت بۆ ڤییەن و لەگەڵ ئەو نوێنەرانە دابنیشێ دەڵێ: "به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌رابردوو‌ و ژیانی‌دوور‌ودرێژی‌خۆم، پێموایه‌ده‌زانم بۆچی قاسملوو له‌و رۆژانه‌دا كه‌به‌ره‌و كوژران ده‌ڕۆیشت، هه‌ستی‌به‌پیربوونی‌خۆی‌ده‌كرد. په‌نجا‌وهه‌شت ساڵه‌بوو‌و به‌شێوه‌یه‌ك خۆی‌به‌ته‌مه‌نتر ده‌زانی‌‌و له‌هه‌وڵی‌ئه‌وه‌دا بوو ژێتۆنه‌كانی‌خۆی‌له‌ئه‌رزی‌بدا‌و به‌ده‌سه‌ڵاتێك بگا كه‌له‌مێژبوو مێشكی‌داگیر كردبوو". رەنداڵ لە درێژەدا دەڵێ: "دژایه‌تی‌له‌به‌رانبه‌ر رێبه‌رایه‌تیی‌قاسملوو له‌نێوخۆی‌حدكادا به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕۆیشت‌و كه‌وابوو ده‌توانین بڵێین چوونی‌بۆ ڤییه‌ن قومارێكی‌پڕ له‌مه‌ترسی‌بوو. كورده‌كان له‌و شێوه‌قوماره‌پڕ له‌مه‌ترسییانه‌دا زۆر به‌ناوبانگن". جاناتان رەنداڵ بە لێکدانەوەی خۆی لە وەزی ئەوکات و وەک مێژوونووسێک ویستوویەتی شیکاری رووداوە بکات، ئەو دەڵێ ساڵێک پیش شەهید بوونی د. قاسملوو ، دەستەیەک لە حدکا جیا ببوونەوە، د. قاسملوو دەترسا دژبەرانی روو لە زیادبوون بکەن و بۆیه‌پەنای بردە بەر وەها کارێک بۆ ئەوە بتوانێ حدکا لەو قەیرانە کە تێی کەوتووە و لەوانەشە لە داهاتوودا تێبکەوێت، رزگار بکات.

قاسملوو کاتێک تیرۆر کرا، ماوەی چەند هەفتەیەک بوو کە ئیجازەی پێ درابوو کە سەفەر بۆ ئەمریکا بکات، کاتێک ماڵپەری ویکیکیس دۆکومێنتە نهێنییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای بڵاو کردەوە، لە چەند دۆکومێنت کە تایبەت بوون بە نوێنەرایەتی ئەمریکا لە بەغدا دەردەکەوێ کە د. قاسملوو لە هەوڵدا بووە کە پشگیری مەعنەوی ئەمریکا بەدەست بهێنێت و لەگەڵ ئەوەیدا کە دژی ئیمپریالیزم بووە، بەڵام لەو بڕوایەشدا بووە کە لە سیاستەدا دەبێ بەدوای بەرژەوەندیدا بگەڕێیت . لەو دۆکومێنتانەدا هاتووە: "رێبەری پێشووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران جەختی کردووه‌تەوه پاره یا خود چەکی ناوێ، بەڵکو ئەوەندە بەسە کە پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی لێبکرێت"( سەرچاوە: ویکلیسکس)
هەروەها (به‌نی‌سه‌در) لە وتوێژێکدا دەڵێ : «زۆرم پێ‌سه‌یر بوو كه‌قاسملوو ده‌گه‌ڵ‌ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌بێ‌فه‌رهه‌نگه‌وتووێژی‌ده‌كرد. هیچ پریستیژێكیان نه‌بوو، به‌ڵام، سووزان ( ژنی فازڵ رەسوڵ) پێی‌گوتم قاسملوو به‌ته‌واوی‌شه‌كه‌ت ببو‌و بۆیه‌داوای‌وتووێژی‌ده‌كرد».

نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیبوو جاری یەکەم زەفەر بە قاسملوو بەرن و تیرۆری بکەن، ئایا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مام جەلال باسی دەکات و دەڵێ: «یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌به‌یانی‌به‌ڕێوه‌چوو. دووكه‌س له‌چه‌كداره‌كانمان له‌به‌ر ده‌رگا دانابوو. چه‌كێكم پێ‌بوو. قاسملووش له‌كیفێكی‌چكۆله‌دا ده‌مانچه‌یه‌كی‌پێ‌بوو. به‌ئێرانییه‌كانمان نه‌گوتبوو كۆبوونه‌وه‌كه‌له‌كوێ‌ده‌بێ‌. هه‌موو شتێكمان بۆ میوانداری‌له‌وان ئاماده‌كردبوو،‌و به‌یانییه‌كه‌ی‌ئه‌وێ‌رۆژێ‌ماشێنێكمان نارد بیانهێنێ‌. و نه‌یانده‌زانی‌ده‌بێ‌بچنه‌كوێ . كۆبوونه‌وه‌دوای‌كۆبوونه‌وه‌، شوێنه‌كه‌مان ده‌گۆڕی‌‌و به‌مجۆره‌هه‌رگیز نه‌یانده‌زانی‌كۆبوونه‌وه‌ی‌دوایی‌له‌كوێ‌ده‌بێ ! قاسملوو‌و عه‌بدوڵڵا‌و ئه‌من پێش هه‌موو كه‌س ده‌چووین. هه‌موو نیگابانه‌كانمان چه‌كدار بوون». دەکرێ بگوترێ ئێرانییەکان جاری یەکەمیش هەر ئەو نەزەرەیان هەبووبێت، بەڵام بەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە مام جەلال باسیان دەکات، نەیانتوانیوە کارەکەیان ئەنجام بدەن، هەر وەک لە لابەلای دۆکومێنەتەکانی حیزبی دێمۆکراتیشدا دیارە جاری یەکەم نەک گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبوون، بەڵکو لەسەر داوی زۆربەی ئەندامانی رێبەریی ئەوکات داوا کراوە کە درێژە بە گفتوگۆکان نەدرێت، بەڵام د.

قاسملوو رێگایەک بوو دەستی پێکردبوو، چونکە ئەو باوەڕی قووڵی بە جێبەجێکردنی کێشەکە بە رێگای گفتوگۆ هه‌بوو، بۆیە زۆر نەچووە ژێر کاریگه‌ری قسەکانی ئەندامانی رێبەریی حیزب.

هیچ كه‌س، به‌تایبه‌تی‌كورده‌كان، به‌درێژایی‌سه‌ده‌كان، نه‌یانده‌توانی‌وه‌ك قاسملووله‌فێڵبازی‌‌و خیانه‌ت‌و نامه‌ردیی‌كه‌سانی‌ده‌وروبه‌ری‌خۆی‌بگا ـ ده‌وڵه‌تی‌ئێران هه‌ر بۆ باسكردن نابێ‌ـ چ رێژیمی‌شا‌و چ رێژیمی‌خومه‌ینی‌كه‌زۆر له‌مێژ بوو بۆ تێكشكاندنی‌بزووتنه‌وه‌ی‌كورده‌سه‌ربزێوه‌كان بڕیاریان دابوو.

ئه‌وه‌كه‌به‌ڕوونی‌ده‌ركه‌وتبوو قاسملوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌ئایینییه‌كانه‌وه‌وه‌ك دژی‌مه‌زهه‌ب ناسرابوو، بێ‌هیچ ئه‌ملاوئه‌ولایه‌ك له‌لایه‌ن رێژیمی‌رۆژ ده‌گه‌ڵ‌رۆژ توندوتیژی‌ئاخوندی‌كه‌مانگێك پاش مردنی‌خومه‌ینی‌‌و دوای‌شه‌ڕێكی‌هه‌شت ساڵه‌كه‌خومه‌ینی‌له‌دژی‌عێراق وه‌ڕێی‌خستبوو‌و ته‌نیا ساڵێك بوو ئه‌و شه‌ڕه‌ته‌واو ببوو له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌بوون که‌قاسملوو باشترین كه‌س بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌رێژیم كه‌ده‌بوو بیكوژن. داخوا له‌به‌ر ئه‌وه‌كوشتیان كه‌هه‌ستیان به‌لاوازبوونی‌رێژیمه‌كه‌یان ده‌كرد؟

دەتوانم لەم چەند خاڵەدا نەزەری خۆم لەو بارەیەوە بلێم..
د. قاسملوو دەیهەویست لە جیهانی دوو جەمسەریدا رێگای سێیەمیش ببینێتەوە، بۆیە دەیهەویست سیاسەت بکات، دەیهەویست لە هەمانکاتدا کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، حیزبێکی چەپە، بەڵام دەبێ پەیوەندیشی لەگەڵ ئەمریکای سەرمایەداریدا هەبێ، چونکە د. قاسملوو ئابووری خوێندبوو، ئەو زۆر لەمێژبوو بۆی دەرکەوتبوو کە عەداڵەت و یەکسانی دوو شتی لیک جیاوازن. بۆی دەرکەوتبوو کە جیهانی سۆسیالیستی تاک لەناو دەبات و بڕیار بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەشە لە کۆنگرەی ٧ی حیزبی دێمۆکراتدا سۆسیالیزمی دێمۆکرات دێنێتە نێو بەرنامەی حیزب، ئەو سۆسیالیزمە دێمۆکراتیکەی کە زۆربەی وڵاتانی ئیستای رۆژئاوا کاری پێ دەکەن و تێیدا سەرکەوتوو بوون، قاسملوو دەیهەویست لە جیهانی دوو جەمسەری خۆی رزگار بکات و کورد نەبێتە گەنمی نێوان دوو بەرداشان و بەردەوام بهاڕدرێت.

لە لێکدانەوەی دووەمدا دەتوانم بڵێم کە دوکتور قاسملوو پڕمەترسیترین رێگای گرتە بەر تا بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات بە دۆخی ئەمڕۆ نەگا، بەڵام بەداخەوە نەک بە مەرگی پێشی لەو کارەساتە نەگرت، بەڵکو بە مەرگی ئەو، زۆر هاوکێشەکان لە کوردستانی ئێران بە قازانجی دوژمن هەڵگەڕانەوە.

د.قاسملوو دەیهەویست پێش لە نسکۆیەکی تر بگرێ. دەیزانی ئەگەر دۆستایەتیی نێوان ئیران و عێراق بەردەوام بێت، ئەوە گۆڕ بۆ شۆڕشی کورد لە باشوور و رۆژهەڵات هەڵدەکەنن و هەربۆیە زوو بە دوای رێگاچارەیەکدا دەگەڕا کە بتوانێ پێشگیری لەو کارەساتە بگرێت.

دوکتور قاسملوو ئەوەی کرد کە پێشەوا کردی، بەڵام لە کات و شوێنی جیاوازدا . پێشەوا لە کاتی خۆیدا پشگیری لە کوشت و کوشتاری خەڵکی مهاباد گرت و ویستی بەو هۆیەوە هیچ تاکێک لەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژیا، تووشی ئەزیەت و ئازار نه‌بێت و پیشەوا ئەوه‌ی کردە سەرمەشق کە ئازادی خوێنێ دەوێ، هەر بۆیەش قاسملوو بە دەرسوەرگرتن لەو راستییە مێژووییە، ویستی بە گیانبەختکردنی کارێکی وا بکات کە بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە شکست نەجات بدات.

کەڵک وەرگیراوە لە:
١- رەحمانی کوردان، کارۆل پرۆنهوبێر
٢- پەنجا ساڵ خەبات، عەبدوڵڵا حەسەنزادە
٣- ماڵپەڕی ویکپیدیا
٤- ماڵپەڕی ویکیلیکس
٥- نووسینێکی کورتی تاهیر قاسمی
٦- نووسێنێکی کورتی ئێبراهیم جەهانگیری

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر