۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

تیپۆلۆژی دکتور قاسملوو لە حیزبایەتی، کوردایەتی و خەبات و سیاسەتدا، برایم لاجانی

تیپۆلۆژی دکتور قاسملوو لە حیزبایەتی، کوردایەتی و خەبات و سیاسەتدا، برایم لاجانی

.من تێدەکۆشم قاسملوو لە ڕوانگەی ئەزموونەکانی خۆمەوە بخەمە بەر باس . بەوحاڵەش ئەوەش بۆخۆی کارێکی گرانە. چوونکە دوکتور قاسملوو کەسایەتیەکی هەموو لایەنەی کامڵی هەبوو
 دارێک بوو لقوپۆپی جۆراوجۆری لێدەبوونەوە. ڕێبەرێکی سیاسی بوو، رێبەرێکی بەتوانای بزووتنەوەیەکی میللی دێموكراتیک بوو، سەرکردەی حەرەکەتی چەکدارانەی میللەتی خۆی بوو، کەسایەتیەکی سیاسی ناوچەیی و ئێرانی و کوردستانی وتەنانەت جیهانیش بوو، مامۆستای زانکۆ بوو، دیپلۆمات بوو، ڕووناکبیر بوو، ئینتلێکتوڵ بوو، ئەدیب و نوسەر و زمانزان بوو، مێژوو زان و مێژوو نووس بوو، پێشمەرگەبوو، خەباتکاربوو، شارەزای کارووباری فەرهەنگی و هونەر و ئەدەبیات بوو، سەرەڕای هەمووی ئەوانە لە نێو بزووتنەوەی کورد و جوڵانەوەی ڕزگاری خوازی کوردستاندا ئیدەئۆلۆگ بوو.


بۆیە باسکردن لەسەر ئەو لایەنە جۆراوجۆرانەی کەسایەتی دوکتور قاسملوو لەتوانای من دانیە. وەک ئەوە وایە منداڵێک کە تازە پێی هەڵگرتووە بیەوێ بەسەرکێوێکی گەورەدا سەرکەوێ کە کارێکی غەیرە مومکینە. لەوەتەی وەبیرم دێ لەریزەکانی ئەو حیزبەدام. ئەو شەوەم لەبیرە کە دەڵاوان یانی گوندەکەی خۆمانمان بۆ ئاخر جار بە جێهێشت و کۆمەڵێک پێشمەرگە شەو لە گەڵ باوکم هاتن و ئێمەیان هەڵگرت و بەیانی کە تازە گزنگی دابوو لە کوێستانی کانیەخوای ئاگرمان بە گوێنیان کردەوە. دواتر چوینە زینوێ و خەلان و دۆڵی باڵەکایەتی. دەبێ من ئەودەم شەش ساڵانە بووبم.

لەوێ لە زێنوێ و خەلانێ بۆ یەکەم جار شەهید ئەحمەد تۆفیقم دیت، ژمارەیەک لە ئاغاوەتەکانی ناوچەی پیرانشار وەک دژکردەوە بەرانبەر بە ئیسڵاحاتی ئەرزی شا هەڵاتبوون.
کاک ئەحمەد قسەی بۆ دەکردن و من لە گەڵ باوکم چووبوومە بنکەی پێشمەرگەکان ئەو ڕۆژەم لە بیرماوە. من لە گەڵ باوکم دەچوومە مقەرەکانی پێشمەرگە و هەزاران وێنەی ئەوڕۆژانە و رۆژانی دواتری ئەو قۆناخەم لە ئەلبوومی بیری تیژی منداڵیم دا هەرماون. دواتریش شێنێ و سونێ و سەنگەسەر و هیران و نازەنین و کۆیە و سلێمانی و دیسان سەنگەسەر و بناری قەندیل تا دەستپێکردنی شوڕشی گەلانی ئێران و دیسان دەورەیەکی دیکە لەو خەباتە.

ئەودەم ئەوەی ئەمن لە بیرمە حیزب بریتی بوو کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگە کە بە هەموو وجودیانەوە و بە ئیمکانات و تەنانەت چەک و فیشەکی خۆشیانەوە لە خزمەت شۆڕشی کوردستانی عێراق دابوون. تەشکیلاتی حیزبیش لە نێوخۆ لە باری ئیمکاناتی مادیەوە تەداروکاتی دەکرد. ناوی مەلا قادر لاچینی، کاک ئارەحمانی قەرەقشڵاخێ، مام سوارە سەکر، کاک حاسل و مراد رەسوی لەیلانی و مونتەقیمی قازی و دەیان کەسی دیکەم لەبیرە کە دەچوونەوە نێوخۆ و دەهاتنەوە و سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد.

تامی ئەو شیرینیانەم هەر لە دەمدا ماوە کە کاک مونتەقیمی قازی لە سابڵاخ هەموو جارێ بۆی دەهێنام . لە سەرتاسەری دەزگاکانی شۆڕشدا پێشمەرگەکانی حیزب کار و زەحمەتیان دەکێشا و قارەمانەتیان لە شەڕەکاندا لە خۆیان نیشاندەدا. شەڕەکانی زۆزگ و هەندرێن و کێوەڕەش و دەربەند و سەفین و ناوچەکانی باڵەکایەتی و پشدەر و بیتوێن بە شاهیدی خەڵکی ئەو ناوچانە مەیدانی قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی حیزبوون بەرامبەر بە پەلاماری سوپای عێراق. لە ئیدارەکردنی دەزگاکانی شۆڕشیشدا نەخشی بەرچاویان هەبوو. بۆ نموونە لە ئیدارە کردنی کاروباری کۆمەڵایەتی ناوچە ئازادکراوەکانیش بەشداربوون. لە بیرمە ماڵی ئێمە لە شێنێ لە پەنای ماڵی حاکم عەلۆ بوو کە حاکمی شۆڕش بوو. یانی حیزب مەوقعیەت و سترەکتور و هەیکەل و بنکەو بنیاتێکی سەربەخۆی نەبوو و لە ڕاستیدا بەشێک بوو لە هەیکەلی شۆڕش و ژێرمەجموعەی شۆڕش یانی بزووتنەوەی کوردستانی عێراق . هەرچی یارمەتی و ئیمکاناتی مادیش لە نێوخۆوە کۆدەکراوە، دەدرایە سەرکردایەتی شۆرش بۆ تەداروکاتی شۆڕش. وەک ئەوەی کاری تەشکیلاتی حیزب لە نێوخۆ تەداروکی شۆڕشی ئەوبەشەی کوردستان بێت. بەوحاڵەش قازانجەکانی سەرکردایەتی شۆڕش وای دەخواست کە ئەوان تەنانەت هەر ناویشیان لێ نەمێنێ چ دەگا بە خەبات و بەربەرکانی.

کێشە و ئاڵۆزیەکانی نێوخۆیی وگیر و گرفتەکان لەکوردستانی عێراق و پیلانەکانی ساواک ، هەموو ئەوانە هەلوومەرجێکیان پێک هێنابوو کە ئاستی تێکۆشانی حیزب تەنانەت لە خوار سفرەوەش بوو. ئەوەندەش کە لە تەشکیلاتی حیزب مابوو یا لە نێوخۆ لە زیندان دابوو، یا لە کوردستانی گەرمێن پەڕەوازە و بێ رێبەری وبێ ئیمکانات و لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا مابۆوە و مەجالی کاری سیاسی و حیزبی لێ زەوت کرابوو. بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی حیزب یا لە بزووتنەوەی ٤٦ و ٤٧ دا لە نێو چووبوون یا لە کوردستانی عێڕاقیش لە ژیر تاقیب دابوون و پڕش وبڵاوببوون.
ڕاست لە هەلومەرجێکی ئاوادا قاسملوو وەک خدری زیندە هاتە مەیدان و بوو بە عیسای حیزبی دێموکرات. وەک کێو لە بەرامبەر هەموو سەختیەکاندا ڕاوەستا و حیزبی زیندووکردەوە و لە نەبوونەوە جارێکی دیکە گیان و نەفەسی وەبەر پەیکەرەی حیزب خستەوە و لە ڕاستیدا حیزبی سەرلەنوێ خستەوە سەر ڕێ.

تەشکیلاتی حیزبی سازماندایەوە. سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ حیزب گێڕایەوە، بەرنامەو پڕۆگرامی تازەی بۆ حیزب داڕشتەوە، رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی دەرکردوە، تێکۆشەر نامیلکەی نێوخۆی تەشکیلاتی حیزبی دەرکردەوە، چەندین دەورەی تەربیەتی کادری بۆ کادرەکان وەڕێخستن ، پێوەندیەکانی حیزبی دەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر و حیزب و رێکخراوە ئێرانی و کوردستانیەکان رێکخستەوە. لە ڕاستیدا حیزبی درووست کردوە.
قەوارە و کەسایەتی و هەیکەل و هەیبەتی بۆ حیزب گێڕایەوە. تێکۆشەرانی پەرش و بڵاوی حیزبی لێرە و لەوێ کۆکردەوە و ورەی کار و خەباتی پیدانەوە. بەرانبەر هەیمەنەی حیزبی توودە و لایەنە کوردستانیەکان وەستا و ئیجازەی نەدا کەس دەست لە کاروباری نێوخۆی حیزبەوە وەردا.

هۆی ئەسڵی بۆ ئەوەکە کە پاشگری ئێرانی بە ناوی حیزبەوە زیاد کرد ئەوە بوو کە سنورێکی تایبەتی بکێشێتەوە لە باری تەشکیلاتیەوە بۆ ئەوەی چوار چێوەی دەستەڵاتی تەشکیلاتی و مەیدانی کاری تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات دیاری بکات و ڕێ لە دەستێوەردانی لایەنەکانی دیکە لە کاروباری نێوخۆی حیزب بگرێ. هەر واشی کرد و لەو کارەدا سەریش کەوت.

رووناکبیر و ڕەخنەگری بەناوبانگی کورد مامۆستا حەمەی مەلاکەریم دەڵی ئەگەر هێمن هەر بە تەنیا قەسیدەی ئێوارەی پایزی نوسیبا، بەس بوو بۆ ئەوەی ئەو شوێنە گەورەی هەبێ کە ئەمڕۆ لە شیعری کوردیدا هەیەتی. منیش پێم وایە خزمەتەکانی دوکتور قاسملوو بە حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئیران هەر لەو قۆناخەدا کە باسم کرد، بەسن بۆ ئەوەی ڕۆڵی قاسملوو لە مێژووی حیزبدا بە ڕۆڵێکی مێژوویی لە قەڵەم بدەین.
نەخشی دوکتور قاسملوو لە تەیار کردنی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە قۆناخی شۆڕشی گەلانی ئێران و پاشان سازماندانی خەبات و بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان بە دژی هێرش و پەلاماری ڕێژیم بۆ سەر کوردستانیش، نەخشێکی درەخشانی حاشا هەڵنەگرە.
من هەر لە نێو حیزب دابووم بەڵام کە داوای ئەندامەتی حیزبم کرد لە سلێمانی قوتابی دەورانی دەبیرستان بووم و هەوەڵین بەرپرسی حیزبیم کاک کەریم حەدادی تێکۆشەر بوو، مانگی جارێ کۆبوونەوەمان دەبوو . لەو دەورەیەدا بوو بۆ یەکەم جار بە خزمەت مامۆستای تێکۆشەر کاک هاشمی کەریمی گەیشتم. هاوینانیش کە سەردانی بنکەی حیزبم لە بەغدا دەکرد، شانازی ئەوەم بە نسیب دەبوو کە بەشیک لە کادرەکانی رێبەری حیزب ببینم.
 وەک مۆماستا حەسەنی شیوەسەڵی و کەسانی دیکە.بۆمن هەمیشە شانازی بوو کە بە خزمەت مامۆستا هێمن دەگەیشتم. بەڵام قەت ئەو دەرفەتە هەڵنەکەوت کاک دوکتور ببینم تا ئەوکاتە کە رێبەری حیزب بڕیاری گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات دا و دوکتور قاسملوو، تا موقەدەماتی سەفەرەکەی ئامادەبوو، لەسەنگەسەر ماوەیەک لە ماڵی ئێمە بە نهێنی مایەوە. ئێمە ئەودەم پێمان دەگووت مام شەریف .
 کاک سەید ڕەسوڵی بابی گەوەرە کە پێوەندیەکی بەرینی تەشکیلاتی لە گەڵ نێوخۆ هەبوو مەسئولی حەڕەکەتی کاک دوکتور بوو بۆ نێوخۆ. شایانی باسە ئەودەم سەردەمی قەلع وقەمعکردنی تەشکیلاتی حیزبی شوعی عێراقیش بوو لە لایەن حکومەتەوە. بەشێکی زۆر لە کادرەکانی حیزبی شیوعی عێراقیش هەر بە ماشێنەکەی حیزب لە بەغداوە دەگەیەنرانە سەنگەسەر و دواتر بە هاوکاری ئەندامانی حیزب لەو بنارە نەجات دەدران. من کە کوردستان و کوردی دوکتور قاسملووم خوێند بۆوە شانازیم دەکرد کە ئێستا لە نزیکەوە لە خزمەت خۆی دام و مەجالی ئەوەم هەیە شتی لێ پرسم. لەبیرمە لێی پرسیم چ خاتراتێکم لە باوکی شەهیدم لەبیرە. ئەو ماوەیە کە کاک دوکتور لە سەنگەسەر مایەوە بارانێکی زۆر دەباری.
پاش ماوەیەک لە کاک سەید رەسووڵ دەپرسێ کە هۆی مانەوەمان هێندە لێرە چیە. کاک سەید دەڵێ بارانێکی زۆر دەبارێ و رێگای قەندیل نە بۆتەوە و چەندجار کەسانی بڕواپێکراومان ناردوون ئیمکانی ئەوەنیە ئەسپ دەرچێ و سڵامەتی تۆ و دەربازبوونی تۆ بۆئێمە مەسەلەی ئەسڵیە و بۆیە چاوەڕوان ماوینەوە تا هەوا خۆش دەبێت. جیا لەوەش قەرارە هەندێک چەکوچۆلمان بۆ بێ و بە دەستی خاڵی ناتوانین دەو ڕێیە کەوین.

لەوەڵامی کاک سەید رەسووڵ و مامم دا دەڵێ خەڵک لە شەقامەکانی تاران سنگیان دەکەنە قەڵغان و ئیمە دەبێ هەرچی زووتر لە مەیدانی رووداوەکان بین دەنا تەئسیرمان نابێ و دواکەوتنی ئێمە و بەوەخت لە مەیدان دانەبوونمان ئاکامی زۆر خراپی بۆ مەوقعیەتی حیزب دەبێ. ئێمە شۆرش دەکەین و دەڕۆین لە هەرکوێ نەمان توانی برۆین دەمێنینەوە تا دیسان دەتوانین بکەوینەوە ڕێ.

ئەودەم حیزب هیچ چەکوچۆڵێکی نەبوو. سێ کڵاشینکۆف لە لایەن یەکیەتی نیشتیمانیەوە درابوونە حیزب کە لە بیرم دێ دەبوایە بە بەلەم لە گوندەکانی دەوروبەری سەدی دووکان بپەڕێنرینەوە و بگەیەنرێنە سەنگەسەر. ئەوە هەموو ئیمکاناتی حیزب بوو بۆ دەست بە خەبات کردن. لە بیرم دێ دۆستانی حیزب لە گوندی بەلکی ناوچەی سەنگەسەر ئەودەم و لەو بارەوە یارمەتی و هاوکاریەکی گەورەی سەرخستنی ئەو حەڕەکەتەیان کرد. یانی یارمەتی دان بە دەربازکردنی کاک دوکتور. چونکە کاک دوکتور بە نهێنی لە بەغداوە هاتبوو و دەبوایە بە نهێنیش دەرباز بێ.

هەوەڵین پێشمەرگەی حیزب لەو قۆناخەدا مامی شەهیدم کاک قادرلاجانی بوو کە لەگەڵ کاک دوکتور گەڕایەوە. کاک دوکتور لە کورتەباسێک لەسەر مێژووی رێبەرایەتی حیزبدا باسی ئەو حەرەکەتە دەکا. ئەو گەڕانەوەی کاک دوکتور لەو هەلومەرجەدا و چوونەوەی ناوخۆی ولات و سازماندانەوەی رێکخراوەکانی حیزب لە نێوخۆ بە مەوقع ولەکاتی خۆیدا، بوو بە هۆی ئەوە کە حیزبی دێموکرات تەنانەت پاش ئەو هەموو سەرکوت و زەبر و زەنگەش کە بۆ دەیان ساڵ لەسەر تەشکیلاتەکەی هەبوو،جارێکی تریش هەستێتەوە و ببێتە هێزی سەرەکی لە کوردستانی ئێران و ڕۆڵی شیاوی خۆی لە ڕووداوەکاندا بگێڕێ.

من بایەخی مێژوویی ئەو گەڕانەوەی بە وەختی دوکتور قاسملوو وەک گەڕانەوە مێژوویەکەی لێنین لە ئاپریلی ١٩١٧ و تەئسیری ئەو حەڕەکەتە لە سەر هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبینم. ئەگەر ئەو حەڕەکەتەی لینین شوێنەواری چارەنوس سازی لەسەر هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەبوو، حەرەکەتی مێژوویی دوکتور قاسملووش بەوەخت و لەکاتی پێویستدا، بوو بە هۆی ئەوە کە زوو حیزب لە نێوخۆی وڵاتدا رێکخراوەکانی زیندووکاتەوە و ئامادەیی ئەوە پەیدا بکا لەسەر وەزعی سیاسی شوێن دانێ.

بەو جۆرە ئەو گەڕانەوە مێژووییەی دوکتور قاسملوو، بوو بە سەرەتای قۆناخێکی تازە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەماندا. ئیدی ئاستی فەعالیەت و تێکۆشانی حیزب و مەیدانی کار و چالاکییەکانی هێندە بەرین بۆوە کە هەر زوو بوو بە هێزی یەکەمی گۆڕەپانەکە. بۆیە لەراستیدا ئەو حیزبی دێموکڕاتەی ئەو نەسلەی دوای ئینقلاب دیتوویەتی، بەرهەمی دەستی قاسملووی نەمرە و قاسملوو موهەندیسیەکەی کردوە.
من بە خاتری درێژەدانی مەدرەسەکەم مابوومەوە و نە گەڕابوومەوە. قەت ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ لە رادیۆ تاران گوێم لێ بوو کاک دوکتور وەک سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران سەردانی ئیمام خومەینی کرد. من لە ماڵی کاک جەماڵی هیرانی لە ڕانیە میوان بووم. ماڵیان لە لای قولەی رانیەبوو. لە گەڵ کاک کاوە کوڕی کاک جەماڵ رەفیق بووم و ئەوان لە مێژبوو دۆستی حیزب بوون. دواتر کاک کاوە بوو بە پێشمەرگە و شەهیدبوو. کۆلێژی ئیدارە و ئیقتسادی تەواوکرد و چووە نێو شۆڕش بەڵام زوو شەهیدبوو. ئەو بنەماڵە شیوعی بوون و زۆریش دۆستی ئێمەبوون. کە گوێم لەو خەبەرە بوو چاوم پڕبوون لە فرمێسک و بەسەر ڕوومەتی کز و مەلوولم دا هاتنە خوار.
دایکی کاک کاوە و کاک کاوە و خوناوی جوانەمەرگ ڕوویان تێکردم کە ئەوە چیە بۆ دەگری؟ چ بووە؟ وتم گوێتان لێیە کاک دوکتور قاسملوو سەردانی خومەینی کردووە وچۆتە تاران. ئاخر خومەینی ئەودەم کەسێک بوو کە خەڵک وێنەکەیان لە مانگیشدا دەدیت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو. بەڵام قەت وەک من لەو ڕووداوە حاڵی نەدەبوون. بۆمن ئەو فرمێسکانە ، فرمێسکی شادی و سەرکەوتن بوون. فرمێسکی وەدی هاتنی خەونە کانی دەورانی لاوی و مێرمنداڵیم بوو. تەنیا کەسێک دەیتوانی لەو فرمێسکانە بگا کە غەریبایەتی و تەحقیری دیتبێ.

بۆ من حیزبی دێموکرات شتێک بوو تەنیا لە چوارچێوەی دیوارەکانی ماڵی خۆمان و خاترەکانی دەورانی منداڵیم لە باوکم، کاک پاپیر شکاک، کاک ئەحمەد تۆفیق، کا عەبدووڵڵا و کاک سولەیمانی موعێنی، کاک سمایل شەریفزادە و دەیان تێکۆشەری حیزب و وێنەیەکی پێشەوا و کۆبوونەوەی ئێوارانی چەن کەس لە ئەندامانی حیزبی کە لە کارگەری دەهاتنەوە و شەوانە لە ماڵی یەکتر کۆدەبوونەوە و باسی ڕابردوویان دەکرد. کە بە داخەوە دواتریش کە گەڕاینەوە بە نیشانەی تەحقیر پێ یان دەگوتن دەرچوانی دانشگای قەڵادزێ، ڕەنگە ئەوجاریش کە گەراینەوە پێمان بلێن دەرچوانی دەشتی کۆیە، وەک کاک مەلا محەممەدی عەبباسی، شەهید محەممەد بێژوەیی، عەبدوڵڵا لاجانی و كاک سمایلی حاجی و هتد لەسەنگەسەر.

من کە هەموو عومرم حیزبی دێموکڕاتم لە هەلومەرجی کاری نهێنیدا دیتبوو تەنانەت لە کوردستانی عێراقیش، بۆمن کە ڕاوڕاوێنی کاربەدەستانی شۆڕشم بە تێکۆشەرانی حیزب بە چاوی خۆم دیتبوو، بۆمن کە لەسەر بڵاو کردنەوەی یەکەم ژمارەی کوردستان، ئەویش گەیاندنی بە چەند کەس لە ڕووناکبیرانی کورد لە سەنگەسەر، دیتبووم کە چۆن مامم لە بەرچاوی من بەر شەق دەرا، ئەو خەبەرە خەبەری کۆتایی هاتنی ئەو دەورانە بوو. ناحەق نەبووم کە لە خۆشیان بگریم.

ئێستا دەمدی کاک دوکتور لەو ئاستەدا سیاسەت دەکا و حیزبی دێموکڕات ئاوا لە چڵە پۆپەدایە. یەکەم جاربوو ناوی حیزبی دێموکڕات لە رادوێیەک ببیستم. خۆزگەم بەو ڕۆژە، بریا هەر ئەودەم لە خۆشیان گیانم دەرچووبا. ئەو فرمێسکانە ئاکامی تەزوویی زیندووبونەوە و گەرانەوەی غروور حیزبی و سیاسیم بوون. ئاخر ئەمن دەزانم چ پەت پەتێنیکما پێ دەکرا.

بەو جۆرە دەتوانین بڵێین لەو قۆناخەشدا ئەوە قاسملوو بوو، بوو بە ماتۆری وەگەر خستنەوەی حیزب لە نێوخۆ. ئەوە ئەوبوو بەناخودای کەشتی حیزب وبزووتنەوەی کورد لەو قۆناخە دژوارەدا.

دوکتور قاسملوو بە درێژایی تەمەنی پڕکار و بەرهەمی، خزمەتێکی زۆری بە حیزب و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران کرد. ئەو لەنێو کورداندا لە ئینسانە هەرە وشیار و مەزن و بلیمەتەکانی رۆژگاری خۆی بوو. ڕۆڵی ناوبراو هێندە گەورەیە کە ئێستا مێژوو نوسان ، مێژووی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجۆرێک دابەش دەکەن کە بۆخۆی گرنگیی ڕۆڵی قاسملوو لەو مێژوەدا دەردەخا. دەورانی کۆمار، دەورانی دوای کۆمار، دەورانی پێش قاسملوو، دەورانی دوای قاسملوو. ئەو جۆرە دابەشکردنە ئەکادیمیکیە ڕۆڵی قاسملوو بە ڕوونی لەو خەبات و بەربەرەکانیەدا ڕوون دەکاتەوە.

لەوەش زیاتر مێژوو نوسان و لێکۆڵەرەوەکان، باس لە شوێنەواری فەرهەنگ و کولتور و سیاسەت و پلان و بەرنامەکانی قاسملوو لە سەر حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی کورد دەکەن. ئەوان پێ یان وایە ئەوە کە حیزب ئێستان ئاوا دەڕواتە پێش و لە ئیدامەکاری نەوەستاوە ، بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەو کولتور و سترەکتور و سازماندەهیەیە کە قاسملوو بۆ حیزبی داڕشتوە. دەتوانین ڕۆڵی قاسملوو وەک لۆکۆمۆتیڤ پێناسەبکەین. لۆکۆمۆتیڤ ئەو ماتۆڕەیە کە قەتار بە دوای خۆیدا رادەکێشێ. لۆکۆمۆتیڤ هەمیشە لە پێشەوەیە، بە هێزو پڕ قودرەتە و خێراشە واتە بە سورعەتە. لۆکۆمۆتیڤ هەمیشە بە سورعەتێکی زۆرەوە واگۆنەکان بە دوای خۆیدا دەکیشێ.

جاری وایە لە رێلیش دەردەچێ بەڵام هەر هەڵدەسوڕێ . دوکتور قاسملووش ئەو نەخشەی لە حیزب و بزووتنەوەدا هەیە. ئەو تەنانەت پاش شەهیدبوونیشی بە قودرەتی زۆروە هەروا دەمانباتە پێش. ئێستاش هەروا هێزی لۆکۆمۆتیڤی سیاسەت وپرنسیپە کانی قاسملوویە کە بەسەر حیزبەوە ماوە و دەیباتەپێش. لەو وەزعە ناهەموارەشدا کە حیزبی تێدایە، ئەوە قاسملوویە پاش ٢٣ ساڵ لە شەهیدبوونیشی، هەر ئینێرژی موسبەت بە حیزب و بووتنەوە تەزریق دەکا. ئەوش بۆخۆی لایەنێکی دیکەی گەورەی و دەوری ئەو لە بزووتنەوەیەدا دەردەخا.

ئەستێرەیەکە لەو شەوە زەنگەدا، دەدرەوشێتەوە و بە بیرو ئەندیشەی سیاسی وخەباتگێڕانەی رێمان نیشان دەداو بۆلای خۆی ڕامان دەکێشێ. بیری سیاسی قاسملوو وەک ڤیزشن بەرەو لای خۆی کار و خەباتمان هیدایەت دەکا. بیری سیاسی قاسملوو ئیستا بۆتە پێناسەی بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان.

تایبەتمەندی هەرە گەورەی دوکتور قاسملوو ئەوە بوو کە نیشتیمانپەروەر، کوردپەروەر و کوردستان پەروەربوو. ئەو کەسایەتیەکی جیهانی، ناوچەیی، ئێرانی بوو، هەویەتی جۆراوجۆری هەبوون. بەڵام کوردستانی بوونەکەی جەوهەری ئەسڵی و هەستەی ئەسڵی کەسایەتی قاسملوو بوو. هەموو هەویەتەکانی دیکەی بۆ بەهێزکردنی هەویەتی کوردستانیەکەی و جێبەجێکردنی ئەو ریسالەتە کە کەوتبوە سەر شانی کە ئازادی کوردستان بوو، بە کار دەهێنان. کوردستانی بە هەموو وجودەوە خۆشدەویست.
بە عیشقەوە تەماشای دەرودیمەنی کوردستانی دەکرد و خوایە وەتەن ئاواکەی لەبەر خۆیەوە دەگوت. دەیگووت دەچمە هەر وڵاتێک و لە هەر کوێ ڕێبەران و کەسانی سیاسی دیکە دەبینم و باسی کێشەی کورد دەکەم، هەست دەکەم کە بە ڕێزو حورمەتەوە وەرم دەگرن. بۆیە هەمیشە شانازی دەکەم کە ڕۆلەی کوردستانم و بە ناوی کوردەوە قسەدەکەم. یەکێک لەو دەرسانەی نەوەی نوێ دەبێت لە قاسملووی فێربێت لە راستیدا ئەو نیشتیمانپەروەربوون و کوردپەروەربوونەیە

قاسملوو لە هەموو کەس باشتر توانای فۆڕمۆلەکردنی داخوازەکانی کورد، ڕوونکردنەوەی کێشەی کوردی هەبوو. وتەبێژێکی لێوەشاوەی نەتەوەی کوردبوو لە ئاستی دونیادا. بە چەند زمان لە گەڵ دونیای دەرەوە و ڕۆژنامەکان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە قسەی دەکرد و مەسەلەی کوردی بەیان دەکرد. هەر بۆیە مێژوونوسان دەڵێن کە لە نێونەتەوەیی کردنی کێشەی کوردا، لە سەرەتاکانی کاردا، نەخشی بنەڕەتی هەبووە. خزمەتی قاسملوو لەوبوارەشدا وناو و ناوبانگی قاسملوو لەو مەیدانەشدا هەتا هەتایە دەمێنێ و شانازیە بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوومان.

دوکتور قاسملوو پێشمەرگەیەکی ئازاو قارەمانیش بوو. بە جەرگ و نەترس بوو. دلێربوو. لە خەبات و بەربەرەکانی و شەر و مقاوەمەتدا ، نموونەی ورەی بەرز وشکەست ناپەزیری بوو. چ لە شەری سێ مانگەدا، چ لە شەڕەکانی مانگی هێرش و دیفاعدا، چ لە شەرەکانی قۆناخی خەباتی پارتیزانی دا، چ لە دیدار و سەردانەکانی لە جەبهەکانی شەڕ و بنەکانی پێشمەرگەکاندا، هەمیشە ڕووحیەیەکی بەرز و پۆڵاینی هەبوو.

لە بیرمە لە شەڕی جادەی سەردەشت پیرانشار سەردانی کردین و بە مام ئەوڵای سەعیدی گوت مادام ئەتۆ بەو تەمەنەوە، کە لە شەست ساڵ زیاتر بوو، لە پێشی جەبهەدای من لە خەباتی خۆمان نیگەران نیم و شۆڕشی ئێمە دەڕواتە پێش. پەیامەکانی ئەودەم کە ڕۆژانە بۆ هێزی پێشمەرگەو خەڵک لە ڕادوێ بڵاودەبوونەوە، یەکپارچە دەبوونە ورەو هێزیان وەبەر ئەژنۆی ئێمە لە جەبهەکان دەنا.

فەرماندەیی ئەسڵی ئەو شەڕانە بەدەست کاک سەید رەسوڵی بابی گەورە و کاک حەسەنی سیوەسەڵیوە بوو، بەڵام پێشمەرگەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش لەو شەرانەدا بەشدار بوون. بۆیەکەم جار لەو شەڕانەدا لە گەڵ مۆماستا ئاسۆ محمەدی و کاک ئەمیری ئەلیاسی و کاک خەلیل خەلەبان ئاشنابووم. کاتێک پەیامەکانی دووکتۆر لە رادوێ کە راست لە پێشی جەبهەکەبوو لە ئالێەمەران ڕا بڵاو دەبوونەوە، کاک عومەر شەریفزادە دەی گووت گوێبگرە تەماشاکە کورد هۆشیمینەی خۆی هەیە کە هەزار هۆشیمینەی ڤێتنامی دەسکیشی لە دوو ناکا.

من ئەودەم کە لە سلێمانی دەمخوێند لە پێش ئینقلابدا لەگەڵ کاک سەدیقی ئیبڕاهیمی نوێنەری ئەودەمی حیزب لە سلێمانی کە دواتر بووبە نوێنەری حیزب لە بەیرووت لە ماڵیکدا پێکەوە دەژیاین و کاک سەدیق وێنەیەکی گەورەی هۆشیمین رێبەری خەباتی ئازادیخوازانەی ڤێتنامی هەڵواسی بوو. بەو وتانەی کاک عومەر خەیاڵم گەڕایەوە پێش شۆڕش و سەردەمی ئامادەیی و قەولمدا کتێبەکانی هۆشیمن پەیداکەم و بیان خوینمەوە. من ئەو دەم کادری سیاسی لکی سێی هێزی ئاوارە بووم و لەو شەڕانەدا دەیان هاوسەنگەر و خزم و هاوڕێم شەهیدوبرینداربوون. لەو ماوەدا کاک دوکتور دووجار سەردانی کردین. لەوی یەکەم جار بە خزمەت کاک عومەر شەریفزادە گەیشتم.

قاسملوو بۆ پێشمەرگەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش پەیکەرەی لە شکان نەهاتوویی و مقاوەمەت بوو. دوای ڕاوەستانی شەڕی ئێران و عێڕاق هەوری نا ئومێدی هەموو کوردستانی داپۆشی بوو. هەموو لە دووبارەبوونەوەی ساڵی ١٩٧٥ دەترساین. کاک دووکتۆر زوو بە هەڵسەنگاندی دۆخی سیاسی و بڵاوکردنەوەی لێکدانەوەی خۆی لە هەلومەرجەکە، ئاسۆی خەبات و کاری دەستنیشان کرد و ڕای گەیاند ئەگەر ئاشتی بۆ کورد هیچی تێدانە بێت، کوردی هەموو پارچەکان یەکدەگرن و لە توانایان دایە ئەو ناوچەیە نا ئارام بکەن و خەباتی خۆیان بەرنە پێش. ئیدی ئەوە ساڵی ١٩٧٥ نیە، ئەوە دووبارە نابێتەوە . لە بیرمەنەک هەر ئێمە بەڵکوو پێشمەرگەکانی یەکیەتی و هێزە سیاسیەکانی دیکەش بەو قسانەی دووکتۆر ورەیان هاتەوەبەر و هیواو ئومێدیان بۆ گەڕایەوە.
 ڕێبەرێکی بە ئۆتۆریتەبوو. دەیەویست هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دەوری بزووتنەوە و ئامانجە میللیەکانی کۆکاتەوە. هەمیشە لە هەوڵی رێکخستنی هێزە کوردستانی و ئێرانەکاندا بوو. تێدەکۆشا گەروویەکی هاوبەش بۆ هاواری کورد روو بە دونیای دەروە درووستکات. دەیگووت دەبێ بە یەک زمان و فۆڕمۆڵ و بە تایبەتی لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و پەسندکراوە نێونەتەوەیەکاندا مەسەلەی کورد بەرینە نێو بیرورای گشتی دەرەوە تا لێما وەرگرن. ئەوەی ئەورۆ پێی دەگوترێ کۆنگرەی نەتەوەیی بیرۆکەکەی هی دوکتور قاسملوویە.

دوکتور قاسملوو لە بەیانکردن و دەربڕینی هەڵوێستە سیاسیەکانی دا، گوێی نەدەدایە بەرژەوەندی شەخسی و تێبینیە ڕواڵەتیەکان. لە هەڵوێستگرتندا بۆ ئەو ئامانجە ئینسانی و دێموکڕاتیکەکان و حەقیقەت پێوانە بوون. زۆر جار بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕووبار مەلەی سیاسەتی دەکرد و لە خنکانیش نەدەترسا.
ئەگەر ئەو ئاڵای بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵگرت، رێژیم لەئەوپەڕی هێز و توانا و تەنانەت مەقبووڵیەتیش دابوو. بە دەیان ملێون کەس لە خەڵکی ئێران و تەنانەت هێزە سیاسیە چەپ و میللی و مەزهەبیەکانیش لایەنگریان لێدەکرد و وێنەی خومەینیان لە مانگدا دەدی. بەڵام ئەو زوو ماهیەتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوانەی ئەو رێژیمەی تەشخیس داو کەوتە لە قاودانی. ئەوە ئەو دەم کارێکی زۆر سەخت بوو. جارێک لەوبارەوە وتی ئەودەم باسکردنی مەسەلەیەکی ئاوا تەنانەت لە دەفتەری سیاسی حیزبیش دا بە زەحمەت دەکرا بهێنرێتە گۆڕێ.

مەحکومکردنی بەبارمتە گرتنی پێرسونیڵی سەفارەتی ئەمریکا لە کاتی خۆیدا، مەحکومکردنی پەلاماری سۆڤیەت بۆ سەر بەهاری پراگ، مەحکوکردنی سیاسەتەکانی حیزبی توودە لە پێوەندی دەگەڵ رێژیمدا، رەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی مەوجود لە کاتێکدا کە قوتبێکی گەورەی سیاسەتی دونیا بوو. ڕاوەستان لە بەرانبەر هژمۆنی تەڵەبی موجاهیدین، حیزبی توودە و هەندێک هێزولایەنی دیکەی کوردستانی دا هەموویان نیشانەی ڕاستی و دروستی ئەو قسیەیەن.

لە کۆمەڵنساسی سیاسیدا، بەو جۆرە کارە دەوترێ پۆلیتیکلی ئینکۆڕڕێکت. یانی لەباری سیاسیەوە نادرووست. قاعیدە وایە سیاسەتمەدار وەدوای مەقام وقازانج و دەنگ و کورسی پاڕلەمانی وشتی وا دەکەوێ. یانی خۆی دەگەڵ مەینستریم واتە جەریانی غاڵب ڕێکدەخا. بۆیە کەسێک کە دەگەڵ مەینسرتریم دەکەوێتە بەربەرەکانی، کارێک دەکا کە پۆلیتیکلی ئینکۆڕڕێکتە. بەڵام گەورەیی قاسملوو لە سیاسەتدا هەمیشە لەوەڕا هاتوە کە مەینستریمی چاڵێنچ کردوە و خستویەتیە ژێر نیشانەی پرسیار.

ئەگەر لەسیاسەتدا، تێگەیشتنی بەرژەوەندیە میللی و نەتەوەییەکان و خێری گشتی و ئامانجی سەرەکی بە شێوەیەکی واقعبینانە، لە هەموو شت گرنگترە. ئەگەر دۆزینەوەی رێگاو میتۆدی گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی و خێری گشتی مەسەلەیەکی زۆر پڕ بایەخە. ئەگەر هەوڵدان بۆ دەکارکردنی ئەو رێگاو میتۆدانە و تەختکردنی کۆسپەکانی سەر رێگا، کلیلی مەسەلەکەیە، ئەوە بێ شک دەتوانین بڵێین دووکتۆر قاسملوو لەو کارەدا لە ڕیزی پێشەوەی کەسایەتیە سیاسیە ئێرانی و کوردستانیەکان دا بووە. ئەو ئامانجە سیاسیەکانی بزووتنەوەی کوردستان و تاکتیکی خەباتگێڕانە و چالاکی و کردەوەی سیاسیی ڕۆژانەی بە شێوەیەک لێکگرێ دابوون، کە سیاسەت و خەباتی خستبوونە خزمەت ڕزگاری میللەتی ژێرچەپۆکی کورد.

ئەو دەیەویست میللەتی کوردستان ڕزگاربێ و ژیانێکی شیاوی ئەم سەردەمەی هەبێت. لەخۆڕانیە دەیگووت خودموختاری ئەگەر نێوەرۆکەکەی نە بێتە ژیانێکی پڕ لە ڕەفاه و ئازادی بۆ خەڵکی کوردستان، بایەکەخی یەو هەموو خەباتەی نیە. واتە ئەو سیاسەتی بۆ دووشت دەکرد بۆ ڕزگاری کوردستان و بۆ ژیانێکی پڕ لە سەعادەت بۆ خەڵکی کوردستا. ئەوە کە لە زانستگاکاندا پێی دەوترێت ئیمانسیپەیشن پۆلیتیک. سیاسەت لای قاسملوو شتێک نەبوو جگە لە کاروخەباتی رۆژانە بۆ گەیاندی میللەتی کورد بە ئاستی میللەتانی دوونیا.
دەیگووت خەباتی ئێمە دوورودرێژە. میللەتێکی ژێرچەپۆکە تا ڕزگاری رێگایەکی درێژی لە پێشە. بۆیە دەبێ هەم خەبات بکەین و هەم بژین. لە خۆڕانەبوو لە ڕیزەکانی شۆڕشدا بایەخی زۆری بە ژیان و جلوە جوانەکانی ژیان دەدەدا. لە شایی و زەماوەندی پێشمەرگەکاندا بەشداری دەکرد. جوانی و رێکوپێکی و کاروزەحمەتی تەشویق دەکرد. هونەر و مۆسیقا و ئەدەب و ژیانی بنەمەڵەیی تەشویق دەکرد. بۆ چونێک هەبوو کە پیشمەرگە نابێ زەماوەند بکا، ئەو بەتووندی لە بەرانبەر ئەو جۆرە قسانەدا ڕادەوەستا و دەیگووت پێـشمەرگە ئینسانە، ناتوانی لە ئینسانیەتی دابڕنی. حەقی خۆیەتی زەماوەندبکا، بەڵام دەبێ پێێ بلێێن ئیمکاناتی شۆڕش بۆ بەرێچوونی بنەماڵە کەمە.

حزوورێکی بەردەوام و دیاری هەبوو. لە ریزەکانی بزووتنەوەدا، لە نێو بنکەکانی پێشمەرگەدا،لە کۆمیتە شارستانەکاندا، لە نیێ تەشکیلاتی نهێنیدا، لە نێو ڕوونکبیراندا، لە نێو نوسەرانی کوردو ئێرانی و ئەدیب و هونەرمەنداندا، لە نێو کۆڕوکۆمەڵە سیاسیە ئێرانی و کوردستانی و ناوچەیەکاندا، حزووری بەرچاوی سیاسی و مەعنەوی پڕ رەنگی هەبوو. ئێمە چ لە دفتەر باین، جچ لە ناوچە و لە قوڵایی مەیدانەکانی خەباتی پێشمەرگایەتیدا، ئەومان لە پەنا خۆمان دەدیت. پێشمەرگەکانی داڵەهۆ پێ یان وابوو قاسملوو لە هێزەکەی ئەواندا سازمان دراوە. هی هەوشاریش هەر ئەو هەستەیان هەبوو، بە کورتی پێشمەرگەکان لە هەرکوێ بان، هەستیان بە بوونی دوکتور لە لای خۆیان دەکرد. لە هەموو جێیەک ئەو حزوورە گەرم و سەمیمی و سەنگینەی لەنێو ڕیزەکانی شۆڕش و خەباتدا هەبوو. پێشمەرگە کان لە هەزاران کیلۆمیتر دوور لە سکرتاریای حیزبەوە، نەیان دەوێرا ڕیشیان هەبێ، چونکە دەیانزانی کاک دووکتۆر حەز ناکا پێشمەرگە ڕێک و پێک و پاک وخاوین نەبێت.
ئەو حزوورەی ڕێبەری بوو کە هێزی ئەخلاقی و مەعنەوی دابوو بە خەباتی پێشمەرگە. دووژمن لە هەموو بارێکەوە بەهێزتر و پۆشتەوپەرداختر بوو، بەڵام ئەوە هەر پێشمەرگەبوو زەبری دەوەشاند، ڕەمزی ئەوە لە هیزی ئەخلاقی پێشمەرگەوە سەرچاوەی دەگرت. بەشی زۆری ئەو قودرەتە مەعنەویە، دووکتۆر قاسملوو ئیلهامدەری بوو.

شکسپیر باسی هێنری دەکا. کاتێک مێژووی شەڕەکانی نێوان ئینگلیس و فەرانسە دەگێرێتەوە، باس لەوەدەکا کە کاتێک هێنری پاشا و سەرکردەی سوپای ئینگلیس دەبینێ لەشکری فەرانسەویەکان زۆر زۆرتر و پڕچەکترە لە چاو سوپاکەی خۆی. شەوی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە سەردانی خێوەتی هەموو فەرماندەرەکانی خۆی دەکا. هەرکامیان پێی وادەبێت کە ئەوە تەنیا هێنری هەر سەردانی ئەوی کردوە.

هێنری هومید و هیوایان وەبەردەنێ و بە جۆرێک حاڵیان دەکا کە چاوڕوانی زۆری لێیانە. هەر یەکەی لەحزەیەکی کورت لە لایان دەبێت و بەمجۆرە بەیانی کە شەڕ دەستپێدەکا ئەو حزوورە کەمەی شەوی ڕابردوو لە میدانی شەریشدا لە لای هەموو فەرماندەرەکان و لە رێگای ئەوانیشەوە لە نێو هەموو سەربازەکان دا خۆی نیشان دەداو دەبێتە ئیلهام و هێز و ورەو بڕوا بە سەرکەوتن و بەربەرەکانی. لە ڕاستیدا قاسلووش لە نێو بزووتنەوەی کوردا، لە نێو کادر و پێشمەرگەداهێنری بوو. خۆزگە ئێمەش شکسپیرێکمان دەبوو، داستانەکانی خەبات و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کوردستانی وەک شانازی میللی لە ئەدەبیاتی نەتەوەییمان دا تۆماردەکرد.
سونامی بوو لە نێو بزووتنەوەدا،لە مەیدانی خەبات و سیاسەتی ئێران و کوردستاندا، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دا پارامیترێکی جدی بوو. وەک سونامی بوو، لە هەموو لایەک ڕا دەهات ، نەت دەتوانی خۆی لێ لادەی و لە بەردەستی ڕاکەی. دەکرا موخالیفی بی، دژی بی، بەڵام کەس نەیدەتوانی حاشا لە گرینگی و فاکتۆربوونی ئەوبکا یا ئینکاری بکا. هیچ هێزو لایەنێک نەیاندەتوانی ئینکاری جدی بوونی قاسملوو لە سیاسەت و خەباتدا بکەن. بەتایبەتی لە مەیدانی سیاسەتی کوردستان و ئێراندا.


لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا، لە مەجلیس و میوانی و جەژن و زەماوەندەکاندا، لە نێوماندا، چ لە رۆژانی شایی و چ لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکاندا، دەدرەوشایەوە. بە قسەو وتە جوان و پڕماناکانی شوێنەواری لە سەر هەمووان دادەنا. لە خۆڕانەبوو کۆشنێر دوای شەهیدبوونی وتی لە نێو ڕێبەرانی دونیای سێەمدا، من رێزوحورمەتم لە هەموان زیاتر بۆ قاسملوو هەبوو.
قاسملوو ڕووناکبیرێکی خەباتگێر بوو. کاری فکری دەکرد، دەیخوێندەوە، وەزعی سیاسی دونیای لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە تەماشادەکرد و وەدوای رووداوەکان دەکەوت. قەت لە خۆی غافڵ نەبوو. براژنە نەسرین لە نۆروێژ وتی ڕەحمان زۆری دەخوێندوە، چاک فێردەبوو. بەڵام فەرقی گەورەی ڕەحمان دەگەڵ کەسانی دی ئەوە بوو کە ئەو هەرچی فێری دەبوو، لەجێی خۆی بەکاری دەهێنا. ئەو فێردەبوو تا لە ژیان و خەباتدا برواتە پێش. ئێواران کە هەموو کارەکانی تەواو دەبوون دەیخوێندەوە.

بە عیشقەوە ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و فەڕانسەی و عەرەبی دەخوێندەوە. ئاگای لە ئاخرین رووداوەکانی دونیای ئەدەب و هونەر و سینەماو مۆسیقاو فەلسەبوو. پاش شەهدبوونی دەفتەری سیاسی بڕیاری دا کتێبخانە شەخسیەکەی بدرێتە کتێبخانەی گشتی حیزب و نەوارەکانی بدرێنە ڕادوێ دەنگی کوردستان. بۆم سەیر بوو لە نێو کاسێتەکاندا گۆرانی و مۆسیقای هەموو میللەتانی دونیایان تێدابوو. تەنانەت هی ئەمریکای لاتیین و ئەفریقاش. مۆسیقای سونەتی قەرەجەکانی باشوری ئورووپا و دەیان عنوانی دیکە. کتێبخانەکەشی لەو شاخە لە راستیدا باشترین کتێبی بە زمانەکانی فەرانسەی و ئینگلیسی و عەرەبی وفارسی وتورکی تێدابوون. ئەو کتێبانە لەو شاخە ئەودەم بۆ ئیمە بوونە خۆراکی ڕووح و بەتایبەت کە هی کاک دووکتۆریش بوون بە عەلاقەیەکی زۆرترەوە دەمان خوێندنەوە.

جارێک کلاسێکی بۆداناین کە فێری فیلم هەڵگرتن بین. لەو کلاسەدا هەرکام لە هێزەکانی پێشمەرگە کەسێکیان بە کلاسەکە ناساندبوو. من و خوشکە خەدیجەی مەعزوریش لە رادوێ را چووبوین. بۆمن سەیر بوو لەو کلاسەدا باسی هونەر و سینەما و شانو وچۆنیەتی فیلم هەڵگرتن و بایەخ و گرنگی فیلمە دۆکێۆمێنتارەکانی کرد. سەرسام بووم. ئاخر پێت وابوو ئەو هەر مامۆستای هونەر و فیلم و سینەمایەو بەس.
هەموو ڕۆژێ هەواڵەکانی دونیاو ناوچەو ئێرانی تاقیب دەکردن و پێوەندی نێوان ئەوانی دەدۆزیەوە و باشترین تەفسیری لێ دەکردن و بۆ روونکردنەوەی ڕێی خەبات کەڵکی لێوەردەگرتن. دەیگووت چونکە مەسئولیەتم هەیە ناچارم تەنانەت نەشریاتی هێزەچەپە ڕادیکالەکانی وەک تۆفان و ئەوانی تری لەو تیپەش بخوێنمەوە. چونکە دەبێ بزانم دەڵێن چی؟

پێوەندیەکی بەرینی کۆمەلایەتی و دۆستایەتی هەبوو. لەگەڵ کەسایەتیە سیاسی و ئەدەبی و ڕووناکبیریەکانی کوردو ئێرانی و عەرەب و بیانی پێوەندی هەبوو. چەند ساڵ لەمەوبەر لە کۆمۆنی ئەسکەر لە نزیک ئۆسلۆ مامۆستابووم، موعەلیمێکی ئەفغانستانی دەرسی ماتماتیکی دەگوتەوە و کاتێک یەکەم جار یەکترمان دیت و وتم کوردی ئێرانم، دەستبەجێ باسی خەباتی حیزب و بزووتنەوەی کوردی لەو بەشەی کوردستان لێپرسیم. منیش بۆم باسکرد و وتی خۆشحاڵم کە ئەو قسانەم گوێ لێدەبێ.
من پێم وابوو پاش تیرۆری قاسملوو خەباتەکەشی نەماوە. پێم سەیر بوو دوکتور قاسملووی دەناسی. دواتر بۆی باسکردم کە دۆستی قاسملووبوە و سەردەمێک لە کابوول لە کابینەیەکی ئەفغانستاندا وەزیربووە لە کاتی دەستەڵاتی چەپەکاندا. شانازی دەکرد کە جارێک لە پاریس کاک دۆکتۆری دیبوو. ناوبراو دووساڵ لە مەوبەر گەڕایەوە ئەفغانستان و ئێستا تەنیا منداڵەکانی لێرەن. با ئەوەش بڵێم کە بەڕاستی ئەویش بۆخۆی کانیەکی زانست و زانیاری بوو. پار چوومە دهۆک لە یەکەم رۆژی گەیشتنمدا چوومە میوانیەک.

تازە دانیشتبووم کەسێک هاتە نزیکم و وتی من لە ناوچەی شینکایەتی چەند شەو لە گەڵ کاک محمەدی موکری و چەند نوسەری تر میوانی کاک دووکتۆر قاسملوو بوومە باسی ئەو دیدارانەی دەگێراوە و عیشق و خۆشەویستی کاک دوکتور لە چاوانیدا شەپۆلی دەدا. ئەو مامۆستا محمەد ئەمین بوو کە سەردەمێک مودیری پەروەردەو فێرکردنی دهۆک بووە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم پێوەندیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی هەبوو. هەرکەس یەکجار دیتبای دەچۆ ژێر تەئسیری. سەردانی بریندارەکانی دەکرد، لە ئەحواڵیانی دەپرسی، کەم ئەندامەکانی بەسەر دەکردنەوە...

لەسەرتاسەری ئەو ماوەدا کە سکرتێری حیزب بوو، بەتایبەتی لەو ساڵانەی دواییدا، شەووڕۆژ بۆ بە هێزکردن و رێکخستنی حیزب کاری دەکرد.braym_lajani_3

باشترین کات و سەعاتەکانی تەمەنی خۆی بۆ نوسین و قسەکردن و دەرس وتنەوە و پێکهێنانی کۆروکۆبوونەوە و دیداری جۆراوجۆری سیاسی و حیزبی و دیپڵۆماسی تەرخان دەکردن. قەت لەکار ماندوو نەدەبوو.

ئەو فەرهەنگی ئیدامەکاری هێنایە ناو سیاسەت و تەشکیلاتی ئیمە. قوتابخانەیەکی درووستکرد کە هەزاران کادر و تێکۆشەری حیزبی تێدا پەروەردەکراون. لە کلاسێکدا وتی من دڵنیام ئەگەر ئەو رێبەریەی ئێستای حیزب هەمووشی تێدا بچێت، تازە ئیدی حیزبی دێموکرات ناکەوێتەوە سەر ئەرز و ئاڵای خەباتەکەی لە شەکانەوە ناکەوی. ئەو بڕوای بە خۆی و کاری خۆی هەبوو.

ئیدەی سیاسی قاسملوو ئەمڕۆ بۆتە دیسکۆری و گوفتمانی زاڵی سیاسی لە کوردستاندا. بۆتە هەوێنی ژیان و خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران. خوێنکاران، لاوان، قوتابیان، ژنان ، مامۆستایان، دانشگاهیان وباقی چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان ئیلهام لە قاسملوو وەردەرگرن . هەرچەند دوکتور قاسملوو هاونەسلی نەسلی ئێستای کوردستان نیە، بەڵام ئیدەو پەیام و ڕوانگەو بۆچوونەکانی ئێستاش لە نێو نەوەی نوێی کوردستاندا لە هی هەموو کەس باشتر وەردەگیرێ. قاسملوو لە هەموو ڕێبەرانی ئەمڕۆی کورستان لە نەوەی نوێی کوردستان نزیکتر و مەقبوڵترە.

قاسملوو دەیگووت کوردستان دەبێ لەو وەزعە بێتە دەر. کورد لە ژێر ستەم دایەو کوردستان دابەش کراوە. ئەو وەزعە نابێت قبووڵ بکرێ. ئەوە نیوەرۆکی پەیامی قاسملوو بوو. نەوەی نوێی کوردستان بە ئێسکو پێستەوە هەست بەو ستەم و بێعەداڵەتیەدەکا کە لەسەر کوردە. هەربۆیە لە دەورانی گلۆباڵیزاسیۆندا، بەو هەموو ئاگاهیە کە ڕۆژانە وەک شنەبا بڵاو دەبێتەوە، نەوەی نوێی کوردستان شوێن ی مەوقعیەتی میللەتی خۆی لە نێو گەلانی دونیادا دەبینێ ولە جەوهەری پەیامی قاسلوو تێدەگا.

بەڵام قاسملوو تەنیا هەر بەوە ڕازی نەبوو کە بەدژی وەزعی ئێستای کورد و ئەوستەمە بێتە مەیدان لە لەسەریەتی. ئەو داهاتووی کورد و کوردستانیشی دەستنیشان دەکرد. دەیزانی کورد دەبێ بڕواتە کوێ. حەزرەتی موسا دەیزانی ئوممەتی خۆی بۆ کوێ هیدایەتدەکا. قاسملووش دەیزانی کورد دەبێ بەرەوکوێ بڕوا. ئەو دەیگووت کوردستان دەبێ بچێتە ڕیزی میللەتانی ئازاد و پێشکەوتوی دونیا.

کوردستان لە دونیای سێیەمدایە، لە دونیای ئیسلامدایە، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایەو لە دونیای عەرەبیش دایە. هەرکام لەوانە پێناسەی سیاسی خۆیان هەیە. دونیای سێیەم یانی هەژاری و بێنەوایی و بێعەداڵەتی، دونیای ئیسلام یانی دژایەتی مۆدێرنیتە و پێشکەوتن، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕست و دونیای عەرەب یانی دوژمنایەتی ڕۆژئاوا و زەینکوێری سیاسی و ڕادیکالیزم و تیڕۆڕیزم. قاسملوو دەیگووت کورد و کوردستان ئەگەر لە باری جوگرافیشەوە ناتوانن لەو ناوچەیە بێنەدەر، دەبێ لەباری سیاسی و فەرهەنگی و مینتاڵیتەوە خۆیان لەو چاڵانە ڕزگارکەن. دەیگووت مۆدێلی ئێمە ئورووپایە كە چڵەپۆپەی گەشەسەندن وپەرەسەندنی کۆمەڵگای ئینسانیە.

ئەوجی پێشکەوتنی ئابووری وسیاسی وفەرهەنگی و تکنۆلۆژی ئینسان ئەوەیە کە لە ئورووپاهەیە. بۆیە دەبێ بەرەو ئەو مۆدێلە بڕۆین. زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە تورکیە بێتە نێو ئوروپاوە. دەی گووت ئەودەم بەشێک لە کوردستان دەبێتە ئورووپا و تەئسیری لەسەر پارچەکانی تری کوردستانیش دەبێ. هەرئەو رێگەی کە تورکیە هەڵی بژاردوە یانی هەوڵدان بۆ چوونە نێو ئورووپا. دەیگووت ئیسلام دینی ئێمەیە، بەڵام نابێ ببێتە شێوەژیانمان. بۆیە دەبێ لەو چاڵانە خۆمان قوتاربکەین.
تورکەکانیش موسوڵمانن، بەڵام هەموو هەوڵیان ئەوەیە بڕۆنە نێو ئورووپا. ئەو ستڕاتیژیەی تورکیەی نەک هەرلەبەر قازانجی کێشەی کورد، بەڵکوو لە بەر مەسەلە کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگیەکانیش، تەقدیردەکرد. یانی ئەو دەیگووت کورد و کوردستان دەبێ خۆی لە گەڵ دونیای مۆدێرن و پێشکەوتوو هاوئاهەنگ بکا. تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە دەچینە ئاستی میللەتانی دونیا. نەوەی نوێی کوردستان، موشتاقی چوونەدەر لەو چاڵانەیە کەباسم کردن. هەربۆیە پەیامی قاسملوو بە ئاسانی وەردەگرن.

قاسملوو ژیانی خۆشدەویست. هەژاری تەقدیس نەدەکرد. هەموو هەوڵی ئەوەبوو ژیانێکی بەختەوەرانە بۆ نەتەوەکەی بنیات بنێ. ئەو لە مەزڵوومنمایی بێزاربوو. هەمیشە دەیگوت کوردستان شانسی ئەوەی هەیە ببێتە بەشێکی گرنگێ بازاڕ و ئابووری ناوچە. کوردستان مەکۆی نەوت و گاز و ئاوە. بۆیە ئەگەر شانسێ بدرێتێ و سەرکوتی نەتەوەیی لەسەر لاچێ زوو دەبێتە ئۆکۆنۆمیەکی گەورە. بەڵام دەی گووت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، کورد دەبێ ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی بەسەردابێ. ئەو دەی گووت پێشکەتنی فەرهەنگی خەمیرمایەی پێشکەوتنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە. ئەو پێشکەوتنی زانستی و فەرهەنگی و کولتوری بە هەوێنی پەرەسەندن دەزانی، هەر بۆیەشە هێندە لە نەوەی نوێی کوردستان نزیکە.

قاسملوو نێوەرۆکی ناسیۆنالیسمی هاوچەرخی کوردی فۆڕمەڵەکرد. یانی کوردایەتیەک کە لە نێوەرۆکدا دێموکراتیک و ئازادیخوازە، دوورە لە بەرچاوتەنگی و دەمارگرژی و مەزهەبی گەری. لەو ناسیۆنالیسمەدا خاکی کوردستان کاکڵی کێشەکەیە و کورد حەساسیەتی زۆر بە کاک نیشاندەدا. لەو ناسیۆنالیسمەدا، بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان دەکەوەنە سەرووی هەموو ئیعتیبارێکی دیکەوە.

لەو مۆدیلە لە کوردایەتیدا ئامانج گەیشتنە بە مۆدێڕنیتە، نەک دژایەتی مۆدێرنیتە. لەو ناسێۆنالیسمەدا،دین لە دەوڵەت و حکومەت جیایە. یانی پێوەندیە سیاسی وحقوقیەکان سکۆلاریزە دەکرێن نەک کۆمەڵگا. زۆر جار دەی گووت حیزبی ئێمە لائیکە. یانی ئێمە نامانەوێ دین لە کۆمەلگای کوردستان وەدەرنێین. بەڵکودەمانوێ دین وەک نیهادێکی کۆمەڵایەتی ئەو نەخشەی هەبێت کە دەبێ بە شێوەیەکی سرووشتی لێی چاوەڕوان دەکرێت.

لەو مۆدیلە لە کوردایەتیدا مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و منداڵان و کەمایەتیەکان و کەمئەندامان، دەبنە بەشێک لە جەوهەری بەرنامەی ڕزگاری نەتەوەیی و شۆڕش وخەبات. بەمجۆرە قاسملوو ناسیۆنالیسمی کوردی خستەسەر جادەیەکی ڕاست و درووست. کۆتوبەندی مەزڵوومنمایی لە دەستوپێ کوردکردەوە. دەیگووت کورد دەبێ بۆخۆی ئەرکو مەسئولیەتی ڕزگاری و ئازادی خۆی بگرێتە ئەستۆ.نابێ چاوەڕوان بین سەربازی ئەمریکی و رووسی و فەڕانسەوی بێن لە جیاتی کوڕوکچی کور لە سنە و کەرکوک وورمێ بۆ ئازادی کوردستان شەڕبکەن. سیاسەت و کوردایەتی لە کوردستانی ئێران لە داوی کۆتوبەندی عەشیرەتگەرایی و تایفەیی دەرهێنا.

ئەو ناسیۆنالیسمی کوردی کردە بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ناوچەکە. ئەو لە کاتی ڕاوەستانی شەڕی ئیران و عێراقدا رای گەیاند کە شەرتی سەقامگیربوونی سوڵح و ئاشتی لەوناوچەیەدا، ئەوەیە کەکورد وکوردستانیش بگرێتەوە. بەبێ چارەسەری عادڵانەی کێشەی کورد، ئاشتی لەو ناوچەدا قەت دانامەزرێ. ئەسڵەن ئاشتیەکی ئاوا بۆ کورد وەک خامۆشی قەبرەستانی مەترسیدارە و کورد تەحەمولی ناکات. ئەو خەباتی کوردی لە کەوتنە داوی دژایەتی کردنی ئیسڕائیل، یەهودیەت و مەسیحیەت و هەر چەشنە دین و مەزهەبێکی دیکە پاراست. بەو جۆرە ناسیۆنالیسمی کوردی کردە پاڕامیتریکی جدی بە قازانجی ئازادی و دیموکڕاسی لە ئێران و ناوچەکەدا.

ئەو بە هەموو تواناوە تێکۆشا خەبات بۆ ڕزگاری کوردستان، بزووتنەوەی کوردستان نەکەونە داوی تیرۆریزم و ڕادیکالیزم و بنیاتگەرایی مەزهەبی و سیاسی و ئیدۆئۆلۆژیک و بیروباوەری کۆنەپەرستانە . یانی ناسیۆنالیسمی کوردو خەباتی کوردی لە گەڵ دێموکڕاسی و لیبڕالیزم و ئوسوڵە نێونەتەوەییەکان وعورفی نێودەوڵەتی هاوئاهەنگ کرد. لەخۆڕانیە ئێستا دەبینین کە بزووتنەوەی کورد فاکتۆرێکی پۆزەتیڤە لە ناوچەکەدا. ئەو دەیگووت بزووتنەوەی کورد ئەگەر ئاوا نەڕواتە پێش، ناتوانێ پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ لای خۆی ڕاکێشێ. بەرهەمی ئەو سیاسەتە ئەوەیە کە ئێستا بزووتنەوەی کورد هەرەشەیەکی جیدیە لە سەر دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی و مژدەی بەهاری ناوچەکەشی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتوە.

هەربۆیە ئەگەر لە مێژووی هاوچەرخی کوردا کەسێکمان بوێ قاسملووی لە گەڵ موقایەسەبکەین، کەسمان دەست ناکەوێ و ئە بێهاوتایە. ئەوتەنیا لەگەڵخۆی یانی قاسملوو موقایەسەدەکرێ.

ئەو قەت سۆزو رق و کینەی نەدەکردە بناخەی سیاسەت گوزاری و هەلوێستی سیاسی. واقعبین بوو. بڕوای بە تواناکانی لاوانی کوردستان هەبوو. تێدەکۆشا کورد فێری بەرزەفڕی بکا و هانی دەدا توونتر و بەرزتر لەوەکە هەیە بفڕێ. شوێنەواری قاسملوو لەسەر خەباتی کورد لە چوارچێوەی زەمان و مەکانی سەردەمی خۆی تێپەڕیوە. بۆیەشە لە نێو کورداندا هەروا بەرز و بێ هاوتایە.

ئەو مەسئولیەتی وەردەگرت. دەیوت چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە دەبێ بەرپرسایەتی قبووڵبکەین بۆ ئەوەی لەو دۆخەیکە تێی داین بێینەدەر. دەیگووت ئەگەر نەوەکانی ڕابردوو چاک کاریان کردبا ئێمە ئەوە حاڵمان نەدەبوو. دژی ئیمام زادە سازی بوو. بۆ ئەو ئیمام زادە سازی یانی ڕاوەستان لە مێژوودا،یانی بە بارمتە گرتنی داهاتوو بوو. دژی ڕووحیەی کەربەلای بوو لە حیزبایەتی و سیاسەتکردندا. لایەنگری عەقڵو کردەوەی سیاسی هەلسەنگێنراوبوو. دژی بەهرەبەرداری لە شەهیدان بوو. بۆ ئەو سست عونسوڕی و کورتبینی و خۆپەرستی و ڕووحیەی دژی کۆمەڵایەتی و تا سەری لووت دیتن گەورەترین نیشانەکانی دواکەوتوویی بوون.

لایەنگری سەرسەختی پلۆرالیزمی سیاسی و حیزبی و فەرهەنگی بوو. پێی وابوو پلۆڕالیزم و دیسانتڕالیزم دەبنە مایەی سەرهەڵدانی ئابووری و پێشکەوتن و خەلاقیەت و ئینێرژیەکان ئازادە دەکەن. هەر بۆیە دەیگووت ئێرانی دەبێ دیسانتڕالیزە و پلۆڕالیزە بکرێ. لە سیاسەتدا جرمی بنتام بۆ قاسملوو سەرمەشق بوو. واتە کارکردن بۆ دابینکردنی خێری گشتی. خێری گشتی لەوەدایە کە مرۆڤ قازانجی کورتخایەنی خۆی فیدای قازانجی درێژخایەنی گەل و وڵات بکا. لە جیاتی هەڵاواردن و خۆویستی ڕووت، ڕێگای سازش و هاوڕایی بگرێتەبەر.

لەسیاسەتدا دووربین وستراتیژیکبوو. ئێمە کە لەسەری لوتی خۆمانمان بەولاوەنەدەدی جارێک لە پلونۆمێکدا باسکرا کە هەرکەس کە لە ئۆردووگای ڕوومادیەوە دێتە دەورەی فێرگە نەیەڵین دایکەکانیان بێن و بیان بینن چونکە دەیان بەنەوە. لە وەڵامی ئەو پێشنیارەدا وتی ئەوە هەڵەیە. ئەو خەڵکە سەرمایەی شۆڕش و خەباتن و باشترین ماتڕیاڵن لە دەستی حیزبدا کە دەتوانین کاریان لەسەر بکەین و لە رێگای ئەوانەاوە حیزب بەرەو ناوچەکانی کرمەشان و ئیلام کۆچ پێبدەین .
تا ژمارەیەکی زۆرتر لەوانە بێنە فێرگە و لە گەڵ حیزب ئاشنابن، باشترە چوونکە ئێمە لەو ڕێگایەوە دەتوانین ژمارەیەکی زۆر کادر بۆ حیزب پەروەردەکەین کە لە داهاتوودا دەتوانن نەخشی گەورە بە قازانجی حیزب ببینن. جیا لەوە دەچنەوە لە نێو کەس وکاری خۆیاندا دەبنە کادری حیزب ئەوە چ زەرەرێکی تێدایە کە ئێمە دەبێ لێرە ئەو مەسەلە ئاوا باسکەین. ئێستا دەزانین کە بەڕاستی ئەو قسەی کاک دووکتۆر چەندە درووست بووە. مەبەستم ئەوەیە ئەو زۆر درێژخایەن بیری دەکردوە.

جارێکی تر لە کۆبوونەوەیەکدا وتی بە خەڵکی گوندەکان بڵێن ئەگەر هەر دەچنە شار بڕۆن لە ورمێ خانوو بکڕن و نیشتەجێبن. ئەو بەراستی ستراتیژیک بوو. جارێکی دیکە وتی شەشمانگ کارم لەسەر ئەوە کردوە کە فرانسوا میتران سەرکۆماری فەڕانسە لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کاتی باس لە سەر مەسەلەکانی دونیادا، وەک نموونە باسی کوردیش یانی کێشەی کوردیش بکا.

لە نوسین و وتارو باسەکانیدا دیدی زانستی و ئینسانی زاڵە. شعوری بەرزی سیاسی و واقعبینی سیاسیان تێدایە. ئەوە لە وڵاتێکدا کە خەڵک نە هەوا و لەسەر ئەساسی سۆز و عاتیفە کاردەکەن، کارێکی دەگمەنە. ئەو لە بەیان کردنی مەبەستە سیاسیەکانیدا زۆر ڕەوان بوو. ئاڵۆزترین مەسەلەکانی بەزمانێکی زۆر سادە دەر دەبڕین.
لە سیاسەتدا ئایندەنگەر بوو. خۆ بەزلزان نەبوو. متوازن بوو. دیدێکی ئاواڵای هەبوو. خاوەن نەزەر و هەڵسەنگاندنی خۆی بوو. بۆیە لە لایەن هەموو ئەکتەرە کانی سەر شانۆی سیاسەتی ئێران و کوردستان تەنانەت موخالیفەکانیشی بە جدی وەردەگیراو جێی رێزبوو.

زۆریان هێرشکردەسەری. بە پیاوی ناتۆ و ئیمپڕیالیزم و دواتە بە پیاوی بەحس و تەجزیەتەڵەب و دژی شۆڕش و دوژمنی خواو چی و چی لە قەڵەمیاندا. بەڵام ئەوە زەڕەیەک کاری لێنەکرد و لە خەباتی سارد نە کردەوە. قەتیش شەڕە جنێوی نەکرد. هەمیشە دەیگوت دەبێ ئەدەبیاتی حیزب وەزین و هەسەنگێنراوبێ و لە ئەدەبیاتی چالەمەیدانی خۆ دوور بگرین.

جارێک لە قەندیل میوانمان بوو یانی میوانی مەڵبەندی سپی سەنگ بوو کە بنکەکەمان لە سینەمۆکە بوو. پێشمەرگەکان هاتن و وتیان ڕادوێ موجاهیدین جوێن دەداو بە دوکتور قاسملوو دەڵێ ئەشڕافزادە و چی و چی. پێشمەرگەکان زۆریان پێ ناخۆش بوو. وتی پێتان ناخۆش نەبێت. ئەوانە بەرادوێی خۆیان تەبلیغ بۆ ئێمە دەکەن. من سیاسەت دەکەم و لە ئورووپا هەموو ڕۆژی کاریکاتۆری سیاسەت مەدارەکان لە رۆژنامەکاندا بڵاودەکەنەوە کەسیش تەنانەت پێشیان ناخۆش نیە. ئێوەش ئەو کارە هەرئاوا وەربگرن.

ئەو قەت حەقیقەت و گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی لە پاوانی خۆیدا نەدەدی، نەی دەویست حیزبی دێموکرات تاقانەبێ. بەڵام تێدەکۆشا حیزبی دێموکڕات بە هێز و کاریگەربێ لە مەیدانەکەدا. ئەو پێی وابوو تەوافوق دەبێ لە ئاکامی هاتنە گۆڕی ڕوانگە جۆراوجۆرەکانەوە وەدەستبێ. لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا هەمیشە دوای هەموان نەزەری خۆی لە سەر مەسەلەکان دەردەبڕی و تەنیا هاوئانگی درووست دەکرد.

قاسملوو وێڕای ئەوەی کە دەریای زانیاری بوو. کەسێکی سەمیمی و گەرمیش بوو. نموونەی بەرزی ڕووحیاتی بەرزی ئینسانی بوو. لە بەرانبەر نامرادیدا نەبەزیبوو. بە هەموو بڕواوە بۆ ئەو ئامانجانە کاری دەکرد کە بڕوای پێیان بوو. پێغەمبەر ئەگەر بڕوای بە پەیامی خۆی نەبێت، ناتوانێ خەڵکیان لە دەورە کۆکاتەوە. ئەو بڕوای بە پەیامی خۆی بوو بۆ یەش دەی توانی خەڵکیان بۆ مۆبیلیزەبکات.

تازە لە سابڵاخ هاتبوینەدەر و لە سەر شاخانبووین. سەرەتاکانی دامەزرانی ڕادوێ دەنگی کوردستانی ئێران بوو. کاری پاراستنی رادوێ هێزی ئاوارە ئەسپێردرابوو. شەهید مەلا بایزی محەمەدی سەرپەرستی پێشمەرگەکانی دەکرد. منیش لە گەڵ مام لەوێ بووین و کاک دوکتور دەبوا بچێتە خڕەجوێ کە کلاسی کادری لێ بوو دەرسی هەڵدانی ئابووری بڵێتەوە. ئەوکارەیان بە ئێمە سپارد و لە رێگا کتێبێکی بە دەستمەوە دیت و پرسی چیە. من پێشانم دا وتی قەی ناکا بیخوێنەوە بەڵام ئەوە ئینتشاراتی حیزبی توودەیە.
ئەوان ئاساری مارکسیستی بە جۆرێک چاپ و بڵاودەکەنەوە کە لە جهەتی خەتی سیاسی خۆیان دابێ. داوات لێدەکەم ئاساری کلاسیکی مارکسیستی بخوێنەوە باشترە ئەو جزوانەی حیزبی توودە ریسالەی ئامووزشی حیزبین. هەر بەوەش ڕامەوەستە و ڕوانگەکانی موخالیفی مارکسیسیمیش بخوێنەوە جا ئەودەم لە مەسەلەکان تێدەگەی. بەو جۆرە رێنوێنی کردم کە بە چاوی ئیدەئۆلۆژیکەوە تەماشای دونیا نەکەم. ئەو ڕۆژە بوو کە ڕۆژنامەی مەردوم نوسیبووی چوماقدارانی ئەڵاوەیسی بە دەفتەری حیزبی تودە دەر مەهاباد حەملەوەر شودەن.
ئەو دەیگوت دەبێ لە خەباتدا تەکیە بکەینە سەر ئامانجی درووست و وەسیلەی درووست و پرۆسەی درووست. دەیگووت کورد چۆ هەرجێ یەک داوای چەک و پوڵ دەکا. ئەوە سیاسەتی کوردیە. ئێمە دەبێ ئەو فەرهەنگە بگۆڕین. دەبێ لە جیاتی چەک و پوڵ داوی پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی بکەین. چونکە کەسێک ئەگەر پشتیوانی سیاسیت لێبکا. ئەگەر پێویست بێ چەك و پوڵیشت دەداتێ. ئەو دەیگووت دەبێ تەکیە بکەینە سەر بیری خەباتگێرانە و پەروەردە و ریتۆریکی حەقخوازانە و عادڵانە.

لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا بەدەگمەن کەسانی وا هەڵدەکەون کە دەبنە کەسایەتی مێژوویی. قاسملوو نەک دوای مەرگی تەنانەت لە سەردەمی ژیانی پربەرەکەتیشیدا، بوو بە کەسایەتیەکی مێژوویی کە کورد هەتا هەتایە شانازی پێوەدەکا. هەربۆیە هێمن وتەنی بە مردووییش بۆتە نیشانەی تیری دووژمنانی کوردو کوردستان.

ئازایەتی لە هەلوێست گرتندا، بینشی قوڵی سیاسی و شەهامەتی سیاسی کە لە قاسملوودا هەبوون، لە هەموو سیفەتەکانی دیکەی زەقتر بوون. زەمانێک کە خەڵک جەمارانیان بە مەککەیەکی دیکە دەزانی، وتی ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێ بۆنی فاشیزمی مەزهەبی لێدێ. ئەگەر نەزەراتی ئەو و شاپوری بەختیار بە هێند گیرابان ئێران توشی ئەو چارە ڕەشیە نەدەبوو.

فێری کردین هەر هاوپەیمانیەک لە سەر ئەوە ببەستین کە ئەو لایەنەی دەگەڵی دەچینە هاوپەیمانیەوە چی دەوێ نەک ئەوە کە دژی کێ یە. دەی گووت ئەگەر لە گەڵ هەر هێزولایەنێک لە سەر تەنیا لە سەر ئەساسی ئەوە رێککەوین کە دژی کێ یە، لە نیهایەتدا بێ ئیعتیبار دەبین.

لە بزووتنەوە ڕزگاری خوازەکاندا ئەزموونەکان لە دوو جۆرە کەسایەتی دەدوێن. یەکەم کەسێکی مودیر و بە تواناو لێوەشاوە. بەڵام نا پابەند بە ئوسوڵ و ئەخلاقیاتی ئینسانی و خەباتگێرانە.

دووهەم کەسانی پاکیزە و سادق و خاوەن ویژدانی شۆڕشگێڕانە بەڵام ناکارا لە باری سیاسی و ریبەری کردنی جەماوەریەوە. دیارە هیواش هەن هیچیان نین . دووکتۆر قاسملوو هەردووکیانی هەبوون. ئەو جۆرە ڕێبەرانە حوکمی کیمیایان هەیە. دووکتۆر قاسملوو هەم شارەزاو لێ هاتووبوو. هەم بە ویژدان و خاوەن ئەخلاقی خەباتگێڕانەش بوو. هەمیشە دەی گووت ئێمە بەرپرسین. دەبێ وریای کاروکردەوەکانمان بین و خەڵک لێمان دەپرسێتەوە.

لە نێو تەواوی ڕێبەرانی سیاسی ئێران و کوردستاندا، دەنگی قاسملوو لە دیفاع لە دیموراسیدا، جەسورترین و بەرزترین دەنگ بوو. لەخۆڕا نەبوو بە کوردستانیان دەگووت سەنگەری دیفاع لە ئازادی.

ئازادەگی جەوهەری ئەخلاقی قاسملوو بوو. ئەو دەی گووت سیاسەت ئەگەر ئیلتیزام، یەعەهود و مەسئولیەتی لە گەڵ نەبێ دەبێە بۆمبێکی خەتەر. مەسئولیەت و تەعەهود یەکێک لە ماتۆڕەکانی فرۆکەی سیاسەتی قاسملوو بوون. ئەو بەو مەسئولیەت و تەعەهودە تا سەر وەفادار مایەوە. لەئاخر لەحزەی پێش شەهیدبوونیشی وەک ئامانجی خەڵکی کوردستان لە خودموختاری دیفاع دەکا و وەفادەرە بە میللەتەکەی. هەر بۆیەوە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە دەیڕوانیە ژیان و دەوروبەر و ڕووداوەکان و لە حەقیقەت و جوانی دەگەڕا. رووک و ڕاست بوو.
بێ ئەوەی بیهەوێ بت شکێنێ ، ڕەخنەی خۆی دەگرت و وەک مامۆستا هەڵەکەی راست دەکردیەوە، بێ ئەوەی مەبەستی سوکایەتی کردن بووبێ پێت. ئە ئەخلاقیاتە بەرزە ئینسانیە هیچ سنورێکی نەبوو. چ پێشمەرگە لە شەرەکاندا دیلی کوشتبا چ لایەنی ڕێژیم ئەوکارەی کردبا بۆ ئەو کردوەیەکی نە شیاو بوون. هەمیشە نیگەرانی ڕاستی و درووستی کاروکردەوەکانی تێکۆشەرانی حیزب بوو. ئەو چاک پێوەندی دیالێکتیکی نێوان ئامانج و وەسیلە و پرۆسە و ئاکامی دەزانی. دەی گووت ئامانجی بەرزو ئینسانی دەبێ بە وەسیلەیەکی ئینسانی و میتۆدی ئینسانی کاری بۆ بگرێ. دەنا توشی شکەست دەبێ. بۆیە تێدەکۆشا بزووتنەوەی کورد لە هەموو هەڵەو پەڵەیەک و کوێرزەینیەکی سیاسی دوور ڕاگرێ.
ڕووناکبیرێکی دیار بوو. بەڵام لە گەڵ هەموو ڕوناکبیران جیاوازی هەبوو. قەت ئیدیعای رووناکبیری نەدەکرد و ئەدای ڕووناکبیرانی دەر نە دەهێنا. لە هەمان کاتدا ئیدیعای دەروێشیشی نەدەکرد. بێ نیازبوو، کەسێکی حەمماسی بوو، هەموو ژیان و زانایی و تواناکانی خۆی هێنابوونە خزمەت شۆڕش. زۆری پێخۆش بوو میللەت و ڕووحی باوکی لێی ڕازیبن. ساکێکی دەستی هەبوو هەمیشە بۆ کۆڕوکۆبوونەوەکان بەدەستیەوە بوو، دەیگوت ئەوە باوکم ئەودەم وەک تەشویق بۆی کریوم کە چوومەتە دەبیرستان. ئەو هەموو تەمەنە هەر بەدەستیەوە بوو .وەک پێشمەرگە دەژیا و سادە و ساکار. لە شەڕی سێ مانگەدا ئاوارە ببوین بۆ دیانان و خەڵکێکی زۆر لەو سنورە مابۆوە. میرزاعەبدوڵای پاک سروشت نامەیەکی لە سەر وەزعەکە نووسی و دای بەمن بیبەم بۆ دەفتەری سیاسی. دەفتەری سیاسی ئەودەم لە پشکاوێ بوو. چووم دوکتور قاسملووم لەوێ دی لە کاولاشێکدا کە پێ یان دەگووت ماڵی دووکتۆر قاسملوو. هەرلەوێ کریس کۆچیڕا دەچێتە سەردانی و پێی دەڵێ ئەوە یەکەم جارە ماڵی خۆم هەبێت.

ئەو حیسابی لە خۆی و هاوڕیانی دەکێشا. دەڵێن کار دەگەڵ حەزرەتی عیسا سەخت بووە، چوونکە سەخگیربوە، بەڕاستی ئەوە لەسەر قاسملووش راست بوو. ئینزباتێکی سەختی لە سەرخۆی و حیزب و هاورێیانی پیادە دەکرد.
بۆ قاسملوو سیاسەت مەیدانی کار بۆ گۆڕینی کۆمەڵ بوو. بۆیە خەڵکی کوردستانی تەشویق دەکرد سیاسەت بکەن. دەرکێکی درووستی لە مێژوو هەبوو، دەیزانی ئێران و کوردستان بەکام وەزعی مێژوویی دا تێدەپەرن. شارەزایەکی تەواوی بەسەر مێژووی دونیا و ئێران و کوردستان دا هەبوو.
بۆیە هەمیشە گەشبین و ڕوو لە داهاتوو بوو.
دژی ئەوە بوو سیاسەت دین وەک وەسیلەی چوونە پێشی خۆی بەکاربێنی. چونکە دەیگووت لە حاڵێکی ئاوادا سیاسەت سەرەنجام دەبێتە داردەستی دین. ئەو لەوبارەوە ئەزموونی ئووروپای بە نموونە دەهێنایەوە.
فەرهەنگی سیاسی و ئینسانی قاسملوو هێندە دەوڵەمەند بوو کە هەموو کەسی دەخستە ژێر شوێنەواری خۆی. دانیال میتڕان دەڵێ قسەکردن دەگەڵ قاسملوو ئارام بەخشی رووح بوو.

ناسری پاکدامەن دەڵێ قاسملوو کەسێکە وەک موسەدیق کە ئێران دەبێ پێیەوەبنازێ.
موسەدیق یەک گوناهی هەبوو کە ڕاکێشرایە دادگا. ئەویش دیفاع لە سەربەخۆی ئێران و بەرژەوەندیە کانی ئێران بوو. دووکتۆر قاسملووش یەک گوناگی هەبوو کە کەوتە بەر تیڕۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی. ئەویش بریتی بوو لە خەبات بۆ ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران.

سەرمەشقێکی لە خۆی درووستکرد، کە لە هەموو سەرمەشقەکانی ئەو چەندەیەی دوایی نێو بزووتنەوەیی کورد تێپەڕی. ئەوەتا دوو دەیە دوای خۆشی زەمان نەیتوانیوە بیخاتە هەمبانەی فەرامۆشیەوە. ئەو و بیری ئەو لە گەڵ شەپۆلەکانی دێموکراسی و ئازادی و بەهاری ناوچە دایە و ئەوەتا بەرەوڕوومان دێ.
بڕوای قوڵی بەوەبوو کە لە خەبات و تێکۆشانی ڕۆژانەماندا دەبێ ئەسڵەکانی مافی مرۆڤ لەبەر جاوبگرین و بتوانین لەسەر مەسەلە نەتەوەیی و چارەنوس سازەکان پێکەوە هاوکاری بکەین.
ئەو دەیگووت ئەرکی هەرە گەورەی حیزبی دێموکرات ڕێکخستنی ریزەکانی بزووتنەوەی کوردستانە. بۆیە قازانجی گشتی کوردستان بۆ ئەو لە سەرووی هەموو شتێکی دیکەوە بوو. بۆیە ئێستاش هەر سەرچاوی ئیلهام و لێ فێربوون و مۆتییڤاشونە. پێی وابوو حیزبی دێموکڕات دەتوانێ لە یەک کاتدا خەبات بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و رزگاری لەبێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتیش بەرێوەبەرێ.
ئەو ئەوەی بە ریسالەتی حیزبی دێموکڕات دەزانی. دوای تەوابوونی کۆنگرەی شەش چومە خزمەتی وتم ئێستا کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک پەسندکراو ئێمە دەنگمان پێداوە، وا باشە تیئوریزەی کەین تا بیبەینە نێوخەڵک. وتی تیئوریزەکردنی ناوێ. عەداڵەتی کۆمەلایەتیت دەوێ یان نا، ئازادی و دێموکراسیت دەوێ یان نا؟ ئەو دوانە لە گەڵ یەک دەبنە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک. مەنتقێکی هێندە بەهێزی هە بوو زوو تەسلیمی دەبووی.
بە ڕووحیەی مەزهەبی سیاسەتی نەدەکرد. ڕووحیەی مەزهەبی یانی وشکبیری لە ئەندێشەی سیاسی و تووندوتیژی لە کردەوەی سیاسیدا.

بۆ درێژە پێدانی رێبازی قاسملوو دەبێ خۆمان بە ئینلایتنمێنت واتە تەنویری قاسملوو بسپێرین. بە چاویلکەی ئیدەئۆلۆژی تەماشای دونیا نەکەین. ڕوانگەو پێرسپێکتیڤی حیزب و بزووتنەوە بەرین کەینەوە. زەنجیری بەرچاوتەنگی و دەمارگرژی لە دەست وپێی سیاسەت و بیری سیاسیمان بکەینەوە. مێژووی کورد نەکەینە مەیدانی شەرێ تاریکی و ڕووناکی و ئەهریمەن و ئاهورەمەزدا. دەبێ گرنگ بۆ ئێمە ئێستاو داهاتووی کوردستان و نەتەوەکەمان بێ.

دەبێ بزووتنەوە گەورەو بەرین کەینەوە بە جۆرێک کە هیچ هێزێکی دێموکڕاتیکی کوردستانی وەلانەنرێ. دەبێ سیاسەتی کوردی و حیزبایەتی لە پاتۆلۆژی پاککەینەوە و زمانی سیاسەت و دیپلۆماسی و ئەدەبیاتی ڕۆژانەمان لە جوێن و تەوهین و سوکایەتی کردن بە یەکتر و ئەم و ئەو پاک کەینەوە. دەبێ ئاستی سیاسەت و کاری حیزبی بەرینەسەر و خۆمان هەکێشینە ئاستی ئەو مەسئولیەتەی لە سەر شانمانە. نابێ حیزب بێنیە خوار تا ئاستی خۆمان. دەبێ خۆمان بەرینە ئاستی تێکۆشەرێکێ حیزبی. دەبێ بە جهەتی خێری گشتیدا هەنگاو هەڵگرین. دەبێ حیزبی دێموکڕات، حیزبی قاسملوو و هەزاران شەهیدی دیکەی سەربەرزی کوردستان بەهێزو گەورە کەینەوە و نەیەڵین ببێتە فیرقە.

ژیانی قاسملوو وەک هەر ژیانێکی دی چوار لایەنی هەن. دەستپێکردن، کۆتایی هاتن، ئەو ڕۆژگارە و ئەو کۆنتێکستە کە تێی دابوو، لایەنی چوارەمیش کارو کردەوەکانی بوون بۆ خزمەت بە کوردو کوردستان. ئەو بە کار و خزمەتەکانی بە حیزب و گەل، توانی لایەنی چوارەمی ژیانی هێندە قوڵ و بەرین و درێژ بکاتەوە کە ئەوەتا ئستاش هەروا لە نێوماندا حزووری هەیە و پیرەمێرد وتەنی لە دڵ و ویژدانی میللەتدا دەژی.
بەڵێ ژنان و پیاوانیک هەن پاش مەرگیش، واتە گڵیش، ناتوانێ کۆتایی بە زیندوو بونیان بێنێ. قاسملوو، یەکێک لەوانە. وەک گاندی وەک موسەدیق وەک یاسر عەرەفات.

هەزاران سڵاو لە ڕووحی پاکی دوکتۆر قاسملوو و شەهید عەبدوڵا قادری ئازەر و دوکتور فازیل رەسوڵ و هەموو شەهیدانی کوردستان.

2013-07-10
دوبارە بڵاو کردنەوە
2014-07-13

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر