۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

دوا کاتژمێرەکانی ژیانی د. قاسملوو/ وتووێژ لەگەڵ دوا خانەخوێی د. قاسملوو

دوا کاتژمێرەکانی ژیانی د. قاسملوو/ وتووێژ لەگەڵ دوا خانەخوێی د. قاسملوو
 0  0 
 
 


پەروەر یاش/ فرات
لە تورکییەوە: مەسعوود مەناف
ئەمڕۆ ٢٤مین ساڵوەگەری تیرۆرکرانی یەکێک لە رێبەرانی کورد بە ناوی دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوویە. د. قاسملوو و هەڤاڵانی لە ١٣ی جولای ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە ویەن، کاتێک لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی وتووێژ بوو، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەست دا. دوکتۆر کەریم پیرۆتی، کە تا شوێنی وتووێژەکە هاوڕێیەتی دقاسملووی کردووە، باسی چۆنیەتی ئەو جەنایەتەی بۆ ئاژانسی فراتگێڕایەوە.

دکەریم پیرۆتی کە لە تەمەنی ٥٢ ساڵی دایە و قژی رەنگی سپی لێ نیشتووە، لەبەر دەرگای ماڵەکەی پێشوازی لێکردین. ناوبراو کە پزیشکێکی دانیشتووی "رابێنسبورگ" -شارۆچکەیەکی هەڵکەوتوو لە سێگۆشەی ئوتریش، چێک و سلۆڤاکییە- یەکێک لەو کەسانەیە کە شایەتی رووداوێکی هەستیار لە مێژوویی هاوچەرخی کورد بووە. د. پیرۆتی، ساڵی ١٩٧٣، لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن هاتۆتە ئوتریش و دواتر بۆتە نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ویەن. ناوبراو لە رۆژانی ١١ تا ١٣ی جولای ١٩٨٩ش، میوانداری دوکتۆر قاسملووی کردووە و کاتژمێر ١٧ی پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٣ی جولای، بە ئۆتۆمۆبیلە ئۆپێلە ئاوییەکەی، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو داوە بێت کە بۆ هاوڕێیانی نراوەتەوە، دوکتۆر قاسملووی گەیاندۆتە هوتێل هیلتۆن.

چ سەرنجڕاکێشە کە"م. ئەمین"، باوکی دوکتۆر پیرۆتیش، هاوڕێی "پێشەوا قازی موحەمەد"، سەرۆکی کۆماری کوردستان بووە. د. پیرۆتی لەمبارەوە دەڵێ: باوکم لە ناو ئەو وەفدە دابوو کە لەگەڵ پێشەوا قازی چوونە باکۆی ئازەربایجان، لە گەڕانەوەدا، پێشەوا فلاکسێک وەک دیاری دەداتە باوکم، ئەگەرچی فلاکسەکە شکابوو بەڵام باوکم بەو حاڵەش لای خۆی هەر رایگرتبوو. پاش ئەوەی کە قازی محەمەد کە لەسێدارە درا، باوکم تماشای فلاکسەکەی دەکرد و پێشەوای بیر دەکەوتەوە و … پیرۆتی کە دوکتۆر قاسملووی لەبەر دەرگای هوتێل هیلتۆن جێهێشت، بێ شک وەک باوکی، هەرگیز بە خیاڵیدا نەدەهات کە رێبەرێکی تری کورد بکوژرێ بەڵام مخابن کە مێژوو حەزی لە دووپاتبوونەوەی هەڵکەوتی لەم چەشنەیە.



با لێرەوە دەستپێبکەین کە د. قاسملوو رۆژی ١١ی جولای هاتۆتە ویەن، ئایا ئێوە لە فڕۆکەخانە پێشوازیتان لێکرد؟

رۆژێک پێشتر لە پاریسەوە تەلەفۆنی بۆکردم و وتی کە رۆژی دواتر دێت. کاتژمێر ١٨ی ئێوارە، د. قاسملوو لەگەڵ"عەبدوڵا قادری ئازەر"، نوێنەری حدکا لە پاریس هاتە ویەن. من و چەند هاوڕێی حیزبی تر کە لە ویەن نیشتەجێ بوون، پێشوازیمان لێکردن. دوایە بە ئۆتۆمۆبیلی من چووینەوە ماڵی ئێمە و شەویش هەردووک لەوێ مانەوە. دەمزانی کە وتووێژگەلێک لەگەڵ رەژیمی ئێران لەئارا دایە بەڵام ئاگاداری وردەکارییەکان نەبووم. رۆژی دواتر، هەرکە لەخەو هەستاین، دوکتۆر فازڵ رەسووڵ تەلەفۆنی کرد. د. قاسملوو بڕیاری دا کە لە کافەیەک بە ناوی "لاندمان"، چاوی بە د. فازڵ رەسووڵ بکەوێ. پاش خواردنی قاواڵتی، هەموو بە یەکەوە لەماڵ چووینە دەر. بەرەبەری نیوەڕۆ بوو.

لە کافەکە باسی چیتان کرد؟
راستییەکەی، شایەتی چ گوتوبێژێکی تایبەت نەبووم بەم هۆیە کە د. قاسملوو، ٥٠٠ مارکی دا بە من تا بچم بە شیلینگی ئوتریشی بگۆڕمەوە. دیتم کە ٥٠٠ مارکی دیکەشی لەگیرفاندابوو. بۆ گۆڕینەوەی پارەکە چوومە بانک، نزیک دە پازدە دەقەیەکم پێچوو، هەر کە گەڕامەوە گوتیان هەڵدەستین دەڕۆین. لەو ماوەیەدا کە من لەوێ نەبوو، دیاربوو دوکتۆر قاسملوو، د. فازڵ رەسووڵ و عەبدوڵا قادری ئازەر پێکەوە قسەیان کردبوو کە من شایەتی نەببووم و بەم هۆیە نەمتوانی لە رازی گفتگۆی نێوان ئەو سێ قوربانییە تێبگەم.
بکوژان، پارەکەشیان دزیبوو
بەو جۆرەی باستان کرد ١٠٠٠ مارک لە گیرفانی دوکتۆر قاسملوو دابوو. چ بەسەر ئەو بڕە پارەیە هات؟
رۆژێک دوای جەنایەتەکە، زانرا کە ئەو پارەیە لە گیرفانی دوکتۆردا نەماوە، بە ئەگەری زۆر، دەبێ بکوژران ئەو پارەشیان دزیبێ.

با بگەڕێینەوە کافەکە، پاشان چوونە کوێ؟
چووینە گەڕەکی ژمارە ٩ی ویەن. میوانەکانم لە ماڵی د. فازڵ رەسووڵ دانا و رۆیشتم. دواتر زانیم کە هەرسێک پێکەوە چوونەتە ماڵی دووهەمی فازڵ رەسووڵ، کە لە جادەی ژمارە ٥ی "لینکێن باگاسێ" هەڵکەوتبوو. هاوکات چ ئاگادارییەکم سەبارەت بەوەش نەبوو کە ئەوان یەکەم دیداریان لەگەڵ نێردراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام داوە. ماڵی دووهەم، ماڵی هاوسەری دووهەمی دوکتۆر فازڵ رەسووڵ، واتە خاتوو "رێناتا"یە. لای ئێوارێ، د. قاسملوو تەلەفۆنی بۆکردم، من ئەو کات لە ماڵ بووم، داوای لێکردم کە بچم لە کافە "موسیوم"وە بیگەیەنمەوە ماڵ، دەستبەجێ لە ماڵ دەرکەوتم و خۆم گەیاندە کافەکە، لەوی کەمێک دانیشتین و دواتر، لەگەڵ د. قاسملوو و قادری ئازەر گەڕاینەوە ماڵ.
قادری ئازەر بێ کەیف بوو
باشە ئەو شەوە، چ باسێکیان سەبارەت بەو دیدارانە نەکرد؟تەنیا ئەوەیان پێ گوتم کە لەگەڵ ئێرانییەکان کۆبوونەتەوە بەڵام چ زانیارییەکان سەبارەت بەوەی کە ئەو کەسانە کێن و چییان لەگەڵ باسکردوون نەکرد. تەنیا من نەبووم، دۆستانی تریش ئاگاداری ئەو کۆبوونەوانە نەبوون. لە وەڵامی پرسیاری مندا کە ئەو کەسانە کێن تەنیا وتیان کە "ئەوەی کە کێن گرینگ نییە، هەر ئەوەندە بەس کە ئێرانین". بڕیار درابوو کە رۆژێک مەودا بدرێتە کۆبوونەوەکان بەڵام شەو، بەر لە خەوتن، د. فازڵ رەسووڵ تەلەفۆنی کرد و داوای کرد کە سبەی جارێکی تر کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئێرانی بەڕێوەبچێ. د. رەسووڵ گوتیشی کە ئەو زانیارییە بە ئێرانییەکانیش رادەگەیەنێ و پاشان تەلەفۆنەکەی داخست. بەرە بەرەی نیوەشەو، لاتێک دوکتۆر قاسملوو بۆ خەوتن چۆ ناو ژوورەکەی، منیش چوومە لای قادری ئازەر و قسەم لەگەڵ کرد. قادری ئازەر چ کەیفێکی نەبوو، دەیکوت کە گوتوبێژەکان بە دەستپێشخەری د. قاسملوو بووە. سبەی، بۆ خواردنی نیوەڕۆ، چووینە رێستورانی کالێنبێرگ.
کێتان لەگەڵ بوو؟
من، هاوسەرەکەم و دوکتۆر قاسملوو. قادری ئازەر نەهات. کەیفی ناساز بوو. زۆری پێ ناخۆش بوو کە بەو شێوە لەگەڵ ئێرانییەکان گوتوبێژ دەکرێ بەڵام پێناخۆشبوونەکەی دەشاردەوە. ئەگەر بەو بیانووە خۆی لە بەشداریکردن لە  کۆبوونەوە لەگەڵ ئێرانییەکان دزیباوە، ئەگەری ئەوەی کە پێی بوترێ "دەترسێی بۆیە نایەی"هەبوو. هەم من و هەم ئەویش، زۆر باش دەزانین کە گوتنی "ترسەنۆک" بە شۆڕشگێڕی کورد، مەزنترین سووکایەتییە.
پاش خواردنی نیوەڕۆ، بۆ ماوەیەکی کورت، گەڕاینەوە ماڵ، پشوویەکمان دا. دوکتۆر قاسملوو دەیگوت کە کاتژمێر ١٦ی پاشنیوەڕۆ دیداری لەگەڵ "مانفرێد ماتزکا"، سەرراوێژکاری وەزیری ناوخۆ هەیە. ماتزکا بەرپرسێکی ئوتریشی کورددۆست بوو و یارمەتییەکی زۆری لە کاروباری بروکراتیک دەداین. چووینە وەزارەتی ناوخۆ، ماتزکا لەوێ نەبوو، جێگرەکەی وتی کە ماتزکا هەر ئێستا لەگەڵ کەسێکی دیکە دیداری هەیە. ١٠ پازدە دەقەی تریش چاوەڕوان بووین و سەرئەنجام کاتژمێر ١٦.٣٠ لە وەزارەتی ناوخۆ دەرکەوتین. دوکتۆر قاسملوو دەیکوت کە وەعدێکی تری هەیە و داوای کرد کە خۆی و قادری ئازەر بگەیەنمە هوتێل هیلتۆن. کاتژمێر ١٧ و سی خولەکی پاشنیوەڕۆ گەیشتینە بەر دەرگای هوتێل.

ئێرانییەکان، نەیانویستبوو کە "بین بێلایان" بەشداری دووهەم کۆبوونەوە بێت
گەلۆ گوتی کە لەگەڵ کێ کۆدەبێتەوە و باسی چییان لەگەڵ دەکات؟
گوتی لەگەڵ ئێرانییەکان کۆدەبینەوە و ٢ کاتژمێری دیکە لە هەمان شوێن چاوەڕوانمان بکە. با ئالێرەدا باس لە وردەکارییەک بکەم: وا تێگەیشتبووم کە "ئەحمەد بین بێلا"، سەرۆک وەزیری ئەوکاتی جەزایر، نێوبژیوانی دانووستانەکانە بەڵام چەند رۆژ دواتر، کاتێک بین بێلا، هاتە رێووڕەسمی پرسەی دوکتۆر قاسملوو و هاورێیانی، پێی گوتین کە "ئێرانییەکان نەیانویستووە کە بەشداری دووهەم کۆبوونەوە بم". هەست دەکەم کە ئەگەر بێن بێلا لەوێ با، ئێرانییەکان ناچار دەبوون ئەویش بکوژن، شتێک کە خۆیان حەزیان نەدەکرد و خۆیان لێ پاراست.
ئەی ئێوە لەو دوو کاتژمێرەدا چیتان کرد؟
تووڕە بووم، بەم هۆیە کە سەرەڕای ئەوەی کە نوێنەری حدکا لە ویەن بووم، ئاگاداری ئەو دانیشتنانە نەکرابووم. گرووپێکی تر لە هاوحیزبییەکانمان، لە ماڵی هاوڕێیەک، چاوەڕوانی د. قاسملوویان دەکرد. چوومە لای ئەوان،هۆکاری تووڕەییەکەم بۆ ئەوان باسکرد، حەقیان پێدام، تەنانەت بیرم لە وازهێنان لە حیزبیش کردەوە، بڕیارمان دا کە سبەی لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو مەسەلە لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو باس بکەین. 
من لە هاوڕێیان جیابوومەوە و بەرەو هوتێل هیلتۆن کەوتمەوە رێ. 
کاتژمێر ١٩ بوو، کەمێکی تر چاوەڕوان بووم، هەر نەهاتن. راگرتنی ماشێن لەو شوێنە بۆ ماوەیەکی درێژ قەدەخە بوو، من دەستم کرد بە سووڕانەوە بە دەوری هوتێلەکەدا.باش لەبیرم نییە بەڵام وابزانم نیو کاتژمێر تێپەڕببوو بەڵام هێستا دیار نەکەوتبوون.کاتێک لەو ناوچە دەسووڕامەوە، چاوم به هەژمارێکی زۆر ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس و ئامبوڵانس لە شەقامی لینکێن بانگاسێ" کەوت.وە دڵە خورپە کەوتم. نەشمدەزانی کە شوێنی کۆبوونەوەکە و یەکێک لە ماڵەکانی دوکتۆر فازڵ رەسووڵ لەوێیە.لە پۆلیسەکان نزیک بوومەوە و لێم پرسین کە چ باسە؟لە وەڵامدا گوتیان "لە قاتی سەرێ، سێ بیانیان کوشتووە و ئێمە سەرقاڵی دۆزینەوەی ناسنامەی قوربانییانین".
بە بیستنی ئەو وەڵامە، ئەوەندەی تریش کەوتمە دڵەخورپە و نیگەرانییەوە. تەلەفۆنم بۆ دۆستانی ترم کرد کە چاوەڕوانی گەڕانەوەمان بوون. ئەوانیش وتیان کە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە شوێنەکە.

"
کیسلێر"، سەرۆکی بەشی دژە-تیرۆری پۆلیس لەوێ بوو. پێی وتم برۆ سەر بزانە تەرمەکان دەناسییەوە یان نا.

تەرمەکانم ناسییەوە
بە تەنیا چوویە سەر؟ چاوەڕوانی هاوڕێیانی ترت نەکرد؟
بەڵێ، بە تەنیا سەرکەوتم و چوومە سەر، پۆلیس پێی وتم کە کەسێکیش بریندار بووە و گەیاندراوەتە نەخۆشخانە، بۆ ناسینی ئەو کەسە، لە لایەن پۆلیسەوە هاوڕێیەکی ترمان بردرابۆ نەخۆشخانە بەڵام نەیناسیبوو بۆیە کە بریندارەکە، "جەعفەر سەحراروودی"، ئێرانی بوو. 

چوومە ژووری ئەنجامی جەنایەتەکە، ژوورەکە ببوو بە گۆمی خوێن. مێز و کورسییەکان کەوتبوون.
دوکتۆر قاسملوو لە سەر کاناپەیەک، لە سەر پشت کەوتبوو، گوللە بەر سەر و ملی کەوتبوو، دوکتۆر فازڵ رەسووڵ لە سەر روو کەوتبوو و عەبدوڵا قادری ئازەریش کەمێک لەوان دوورتر، درێژ ببوو.
باشە سەحراروودی ئێرانی چۆن بریندار ببوو؟
وەڵامدانەوە بەو پرسیارە تۆزێک ئاستەمە. ئەوە تاکوو ئێستاش وەک رازێک ماوەتەوە بۆیە کە هیچ یەک لە کوردەکانی بەشداری ئەو کۆبوونەوە چەکی پێ نەبوو. بەڵام بە پێشبینی من، مومکینە لەکاتی دەستەویەخەبوون لەگەڵ قادری ئازەر، بە هەڵە خۆی بریندار کردبێ بۆیە کە قادری ئازەر ١٤ گوللەی وێکەوتبوو و ئەمەش بە ئەگەری زۆر بە هۆی دەستەویەخەبوونی ناوبراو لەگەڵ بکوژران بووە. "ئەمیر مەنسوور بۆزۆرگیان" کە هەمان شەو قۆڵبەست کرابوو، بۆ سبەی ئازاد کرا، جەعفەر سەحراروودیش، پاش کۆتایی هاتنی دەرمانی، رەوانەی ئێران کرایەوە.
باشە ئوتریش بۆ چاوپۆشی لە گەڕانەوەی بکوژان لە وڵاتەکەی کرد؟ بە بڕوای ئێوە، دۆسیەی تیرۆری د. قاسملوو بۆ داخرا؟
پاش تیرۆری دوکتۆر شەڕەفکەندی لە بێرڵین و دادگاییکردنی بکوژران و مەحکوومکرانی ئێران بە "تیرۆریزم"یدەوڵەتی، قەپات و ئارشیوکرانی دۆسیەی دوکتۆر قاسملوومان بیر سیاسەتمەدارانی ئوتریش خستەوە. پێمان گوتن کە "تماشا کەن، ئاڵمان چ هەوڵێستێکی نواند! دیارە کە ئێوە وڵاتێکی بچووکن و لە ئێران ترساون". ئەوانیش بەم شێوە وەڵامی ئێمەیان داوە:مەسەلە بچووک یا مەزن بوونی وڵاتی ئێمە نییە، یاساکانی ئاڵمان، پێش بە دەستێوەردانی حکوومەت لە کاروباری مەحکەمەدا دەگرێ بەڵام ئەوە لە ئوتریش بە پێچەوانەیە، حکوومەت بە کەیفی خۆی دەست لە کاروباری مەحکەمەکان و سیستمەی قەزایی وەردەدات و تەنانەت دیاری دەکات کە چ دۆزێک لە دادگاکاندا بەرز بکرێتە و چ دۆزێک نا. لە ئاڵمان مەحمەکە تەسلیمی ویستی دەوڵەت نەبوو.
ئەو جەنایەتە چ کاریگەرییەکی لە سەر ژیانی ئێوە دانا؟ ئێستا کاتێک وەبیرتان دێتەوە، چ هەست دەکەن؟
رووداوێکی تاڵە، تاڵترین رووداوی ژیانمە. بۆ چما لەدەست دانی ناسیاوێک، ئەویش کەسێک کە رێبەری حیزبەکەت بێ و بە تایبەت خۆت تا دوا ساتەکانی بەر لە مەرگیان هاوڕێییت کردوون، رووداوێکی هێندە بچووکە؟ بێ شک ئەو رووداوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من هەبوو، رووداوێک کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ نەمتوانی خۆم لە شوێندانەرییەکەی رزگار بکەم.





هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر