و. سیروان موساپوور
دوکتور قاسملوو رێبه‌رێکه له سه‌رده‌می هاوچه‌رخ دا ژیاوه‌و زۆر له هاوخه‌باته‌کانی هه‌نووکه‌ش له ژیاندا ماون. به‌ڵام بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆو که‌سانێک که چالاکانی سیاسیی ئیستا‌و داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌که‌یانن، رێبه‌رێک که نێوی له مێژووی خه‌باتی مرۆڤایه‌تی به زیندوویی ماوه‌ته‌وه، چۆن ناسراوه‌و چۆن لێی تێ ده‌گه‌ن؟
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ دراوه به کورتی به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی سهرهکیو به لۆژیکی کۆمهڵگهخوازو مافتهوهر، گرینگ‌ترین پایه‌و بنه‌ماکانی خه‌باتی ئه‌م رێبه‌ره مه‌زنه شی بکرێته‌وه. له پێناو زیاتر نزیککردنهوهو روونکردنه‌وه‌ی ئاسۆی فکریی خوێنه‌ر، سه‌ره‌تا10 بنه‌مای گرنگ ده‌خه‌ینه روو، که ئه‌مڕۆکه‌ش کارایی و بایه‌خی زۆریان له کاروانی خه‌باتدا تێدا به‌دی دهکرێو، دواتر هه‌ر کامیان به شێوه‌یه‌کی کورت شرۆڤه ده‌که‌ین:
1ـ به‌رده‌وامیی خه‌باتی نهتهوهییو شوناستهوهری کورد له سه‌ر بنه‌مای ئامانجه‌کانی کۆماری کوردستان‌و راپه‌رینی ساڵه‌کانی 1346و 1347 به‌ڵام به شێوازێکی نوێ،
2ـ پرۆفیشنالیزه کردن و په‌ره‌پێدانی بزووتنه‌وه له رێگه‌ی «سیاست کاربردی»یه‌وه،
3ـ دانانی ئۆتۆریتەی تایبه‌ت به پێی بارودۆخی راسته‌قینه‌ی خه‌بات،
4ـ به‌ربڵاوی و به‌رفراوان بوونی پانتایی خه‌بات له کوردستانی ئێران به شێوه‌یه‌کی بێ وێنه،
5ـ که‌ڵکوه‌رگرتن له دهروونناسیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها کلتووری سیاسیی گونجاو له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه،
6ـ پراگماتیزمی دهرئهنجامخواز،
7ـ به‌شداریی ژن به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو و جیددی له خه‌باتدا ،
8ـ تێپه‌ڕین له سۆسیالیزمی کلاسیک و خستنه ڕوی سوسیالیزمی دێموکراتیک به شێوه‌ی پراکتیکی،
9ـ دامه‌زرانی پێوه‌ندیی به‌ربڵاو له‌گه‌ڵ حیزبه ئێرانی و کوردستانییه‌کان،
10ـ هێنانهگۆڕو جێخستنی پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ئاستی نێونه‌ته‌وییدا،
شیکردنه‌وه‌ی کورتی ئه‌م خاڵانه:
1ـ دوکتور قاسملوو له سه‌رده‌مێکدا بوو به سکرتێری گشتیی حیزب، که حیزبه سه‌رانسه‌رییه ئێرانییه‌کان خاوه‌ن هێزو نفووزێکی زۆر بوون. شۆڕشی 57یش له‌و فاکته‌رانه‌یه که ده‌یانتوانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورد بخەنە ژێر بارودۆخی خۆیانەوه. سێهه‌مین فاکته‌ر شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی ئێران‌و عێراقه، که ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر بیروڕای گشتی هه‌بوو. فه‌رمانی هێرش بۆ سەر کوردستان‌و سەرکوتی نەتەوەی کوردیش دەیتوانی لە حاڵەتی ناکارامەیی پارت و لایه‌نه کوردستانییەکان پاشهاتی زۆر خراپی بەدۆاوە بێ. لە لایەکی دیکەوە کۆماری کوردستان‌و شۆڕشی ساڵەکانی ١٣٤٦و ١٣٤٧ کە راستەوخۆ به بەشێک لە شانازیه‌کانی حیزبی دیموکرات دێنە ئەژمارو بێجگە لەوانەش، مێژووی دوورودرێژی خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد لە تەواوی بەشەکانی کوردستان، هەستیاریی بەردەوامی خەباتی نەتەوەییان زەقتر دەکرد. و... لەگەڵ هەموو ئەو فاکتەرە زۆر هەستیارانە، دوکتورقاسملوو بەردەوام بوو لە خەباتی نەتەوەیی‌و شوناستەوەری کورد لە سەر بنەمای ئامانجەکانی کۆماری کوردستان‌و ئه‌مڕۆکه دوای ٢٥ ساڵ دەبینین کە دروستترین ریگەی خەبات، هەروا هەوڵدان بۆ دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسو بەرگری لە شوناس‌و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورده.
٢ـ لە سەردەمی کۆمەڵەی ژ.ک، تا سەردەمی رێبەریی دوکتور قاسملوو لە حیزبی دمکراتدا بەردەوام خەبات بە شێوەیەکی پچڕپچڕو (ناتخصصی) بەڕێوە دەچووو لۆژێکی بزووتنەوە زیاتر لە سەر بنەمای ئەو پره‌نسیپانە نەبوو کە بەشێوەی زانستی گشتێنرابوون، بەڵام بە هۆی ئەزموونو شارەزایی بەرزی دوکتور قاسملوو لە تواناییەکانی بزووتنەوە، له ئه‌گه‌ری پرۆفشناڵیزه و تهکنۆکراتیزه بوونی‌و، هەروەها تێگەیشتنی دروستی دوکتور قاسملوو لە لایه‌نە سیاسییە ئیرانی، کوردستانییەکان‌و پرۆسەی خەباتو لۆژێکی سیاسیی نێونەتەوەیی، بزووتنەوی نەتەوەی کورد لە کورستانی ئێران بەڕێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو لە ماوەیەکی زۆر کورت دا پرۆفشنالیزهو له رێگه‌ی سیاسه‌ت کارامه‌وه په‌ره‌ی گرت.
٣ـ یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی تێپەڕ بوون لە خەباتی پچڕپچر بۆ خەباتی بەردەوام، هەمیشە هەبوونی خەباتی ئۆتۆریتە بە واتای توانایی پیادەکردنی دەسەڵات بە شێوەی هەرەمی لە چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی سیاسییە. ئەو ئۆتۆریتە تایبەتە کە دوکتور قاسملوو بۆ بەرەو پێشبردنی بزووتنەوە لە حیزب‌دا بەکاری هێنا، ئۆتۆریتەیەک بوو بە ناوەرۆکی سانترالیزمی دێموکراتیکه‌وه کە دوو لایه‌نی به پێوەندییە نێوخۆییه‌کانی حیزب ده‌به‌خشی که بە پێی بارودۆخی راستەقینەی خەبات ئامادەو گه‌ڵاڵه کرابوو. هەر ئەم ئۆتۆریتەیە بوو بە هۆی ئەوە کە لە ماوەی دوو دەیە خەباتی چەکدارانە ئاماری کوژراو و بریندار و وێرانکارییەکان بۆ حیزبی دێموکرات بگاتە لانی کەمی خۆی.
٤ـ سروشتییە کاتێک ئه‌و سێ فاکتەرهی هاتنه به‌رباس، وه‌گه‌ڕ که‌وتن، پانتایی نفووز و بەربڵاوی بزووتنەوە لە کوردستانی ئێران بۆ یەکەم جار بە شێوازێکی بێوێنه بە تەواوی کوردستانی ئیرانی گرتەوە. ئەم نفووزەش هێزی مرۆیی، مادی‌و مەعنەویی زۆری بۆ بزووتنەوەی کورد‌و بە تایبەت حیزبی دێموکرات لە گۆڕەپانی خەبات دا کۆ کردەوە.
٥ـ ناسینی دەروونناسیی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیەک گرینگ‌ترین فاکتەری بردنەسەری بەشداریی سیاسی یان وەرێخستنی نافەرمانییە سیاسی‌و مەدەنییەکانه. زاراوەکانی دەروونناسیی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیی بنەما پتەوەکانی شکل‌گرتنی کلتووری سیاسیی گونجاو لەگەڵ پێکهاتەکانی کۆمەڵگە پێکدێنو ئەم کلتورە سیاسییە دەتوانێ هێزێک بێ لە بەرژەوەندی بزووتنەوە یان دژی رەوتی جووڵانەوەکە. دوکتور قاسملوو توانی دەروونناسیی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد‌و نەتەوەکانی ئێران بناسێ‌و کلتووری سیاسیی گونجاو لەگەڵ شوناسی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد جێگیر بکا.
باشترین بەڵگەش کەشوهەوای چالاک‌و پیشەی سیاسی‌و مەدەنیی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێرانە، کە هەمیشە کوردستانی لە سەرەوەی هەڵسەنگاندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی دادەناو دادەنێ. بەڵگەی دیکەی جێگەی سەرنج پێدان، رادەی هۆگریو هەستیاریی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە دوکتورقاسملووو حیزبی دێموکرات‌و کار‌و کردەوەکانییەتی.
٦_ پڕاگماتیزم ( کردەوەخوازی) کە ده‌کرێ لەگەڵ پێوانەی ئه‌نجامگیریی ئەرێنی هەڵبسەنگێندرێ، یەکێکه لە دەسکەوتەکانی سەردەمی دوکتور قاسملوو کە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەردەوام لە کۆمەڵگەی کوردستان‌و حیزبی دێموکرات‌دا بەباشی بەرچاو دەکەوێ، پڕاگماتیزمیش حیزب‌و بزووتنەوەی لە حاڵەتی ئاڕمانیو درووشمخوازی هێنایەدەرو بە شێوەی هێزێکی کارامە لە پێناو ئامانج‌و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە خستە کاره‌وه. پڕاگماتیزمی سەردەمی دوکتور قاسملوو تەنانەت تا ئەمڕۆ زۆر جار بۆتە پێوانەی خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەو چالاکییە حیزبیەکان.
٧_ یەکێک لە گرینگ‌ترین پێوانه‌کانی بزووتنەوەی سیاسیی یان مەدەنیی هاوچەرخ، بەشداریی ژنان بە شێوەی بەربڵاوو جیدییه لە چەقی خەباتدا. لە سەردەمی دوکتور قاسملوودا ژنان بە شێوەی سیستماتیک‌و پیشەیی هاتنە ریزی خەباتەوە، بە شێوەیەک ئەمڕۆ دەبینین ژن تەنانەت لە پێگەی بڕیاردان‌و بەڕێوەبەرێتیی ئۆرگان‌و پێکهاتەی رێبەریی حیزبی دێموکرات‌دا بایەخی تایبەتی خۆی هەبووەو ئەم کارە بۆتە هۆی دڵگەرمیو راکێشانی نیوەی کاریگەرو زۆر هەستیاری کۆمەڵ لە بەشداریی سیاسی‌و مەدەنیو هەمیشە لە حاڵی گەشەو پێشوەچوون دایە.
٨_ تێپەڕین لە سوسیالیزمی کلاسیک‌و خستنەڕووی سوسیالیزمی دێموکراتیک بەشێوەی زانستی لە حیزبی دێموکرات‌دا که لەلایەن دوکتور قاسملووە خرایە روو، لەسەردەمێکدا بوو ڕووبەڕووبوونەوە له‌گه‌ڵ هزری چەپی کلاسیک‌و راستی میانە تا توندڕۆ، باری چالاکی‌و سه‌نته‌ری کۆمەڵگەی تووشی گه‌نگه‌شه ئه‌بستراکته‌کان ده‌کردو له‌ڕاستیشدا تووشبوون به‌و ئه‌ندێشه تئۆریکانه، له کاتێکدا کە کۆمەڵگە پێویستی بە هەنگاوو بڕیاری جیددی‌و دەرەنجامی کردەیی هەبوو، دەیتوانی خەباتی نەتەوەیی کورد خەوشدار بکا یان بە لاڕێیدا بەرێ. بەڵام دوکتور قاسملوو توانی بە خستنەڕووی گەڵاڵەی سوسیالیزمی دێموکراتیک کە ئازادییەکان‌و مافە کۆمەڵایەتی‌و تاکەکەسییەکان هاوسەنگ رابگرێ، سڵامەتی بزووتنەوەو رەوتی بەرەوپێشی حیزبی دێموکرات بپارێزێ.
٩_ ده‌توانین بڵێین پێوەندییو تێگەیاندنو رێکخستنی هێزە خەباتگێڕە کورد‌و ئێرانییەکان لە سەردەمی دوکتور قاسملوودا شێواز‌و ناوەڕۆکێکی نوێی بە خۆوە گرت، بە شێوەیەک کە نە نەتەوەی کورد لە ئامانجەکانی خۆی پاشگەز بۆوەو نە لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان لەلایەن خەباتگێڕانی کورد هەستیان بە مەترسی دەکرد تەنانەت کاتێک کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە پاکتاوو وهدەرنانی هێزە سیاسییەکان لە تاران‌و شارەکانی دیکەی ئێران کرد، کوردستان بوو بە پەناگەیەک بۆ ئەو کەسانەی لە بەرامبەر حکوومەتدا ئامادەی رێککه‌وتنی کوێرانە نەبوون. بێجگە لەوە حیزبی دێموکرات بە رێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو لەگەڵ کوردەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان بەتایبەت کوردە خەباتکارەکانی کوردستانی عێراق پێوەندییەکی دۆستانەی زۆر نزیکی هەبووو زۆر جار لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا یارمەتیی ئەو حیزب‌و هێزانەی دەدا.
١٠_ ئامادەبوونی دیپلۆمات‌و هەواڵنێرە رۆژئاواییەکانو تەنانەت کادرە دەرمانییەکانی وڵاتانی بیانی لە بنکه‌کانی حیزبی دێموکرات، هەروەها ئەندامبوون لە ئەنتێرناسیۆنال سوسیالیست بۆ یەکەم جار لەلایەن دوکتور قاسملۆوه، هەنگاوێکی درەوشاوە بوو کە روخساری راستەقینەی کوردی بە بیروڕای گشتیی دنیا نیشاندا‌و پەردەی لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لادا.
بەو هیوایەی ئەم وتارە توانیبێتی گۆشەیەک لە بەهاو بایەخی دوکتور قاسملووی بە خوێنەری بەڕێز بەتایبەت وەچەی ئەمڕۆ نیشان دابێ، رێبەرێک کە تا زیندوو بوو خەباتی بۆ مرۆڤایەتی‌و مافە مرۆییەکان کرد‌و تەنانهت شەهیدبوونیشی بوو بەهۆی ریسوابوونی هەمیشەیی دوژمنانی ئازادی‌و دادپەروەری.
له ژماره ٦٣٥ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر