کاراکتێرو کەسایەتیی کارێزمای د.قاسملوو لە چ رادەو ئاستێکدا بوو کە توانی لە ماوەیەکی کورتدا قورساییو پێگەیەکی بەرین لە نێو کۆمەڵگەی کورد بۆ خۆی مسۆگەر بکاو تەنانەت ناوبانگێکی ئەوتۆی جیهانیی بۆ خۆی دابین بکا؟ بە لەبەرچاوگرتنی چ تایبەتمەندگەلێک بوو کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پیلانی تیرۆری ئەو هەڵکەوتەیەیان داڕشتو بەڕێوەیان برد؟
د.قاسملوو رووناکبیرێکی بیرمەند بوو بە هۆشو بیرتیژیی زۆر لەسەرێوە؛ ناوبراو لە دەربڕینی بۆچوون، هەڵسەنگاندنو لێکدانەوەشدا زۆر بەتوانا بوو؛ جیا لەوانە لە فەلسەفە، کۆمەڵناسی، زانستی ئابووریو سیاسەتو ئەدەبیاتو هتددا لێوەشاوەو شارەزا بوو؛ بەجۆرێک کە لەگەڵ دیپڵۆمات، دیپڵۆمات لەگەڵ ئابووریزان، ئابووریزان، لەگەڵ کۆمەڵناس، کۆمەڵناسو بگرە لەگەڵ شاعیر و ئەدیب، شاعیرو ئەدیب بوو. ئەو تایبەتمەندییە کەسێنیو دیارانەی د.قاسملوو، کەسێتییەکی دیکەیان بەو بلیمەتە بەخشی بوو بە جۆرێک کە لە دانیشتنو پێوەندیی لەگەڵ هەر کەس یان هەر کۆڕو کۆمەڵێک دەکەوتە بەر چاوو سەرنجی بەشدارانو کەسایەتیو لێهاتوویی ئەو بەرزەمرۆڤە زیاتر بەرچاو و دەردەکەوت.
بەڵام بەڕاستی جیا لەو تایبەتمەندییانە، رۆڵی د.قاسملوو لە جووڵانەوەی کوردستانو بزاڤی سەرانسەریی ئێرانو تەنانەت لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوینو جیهانی چ بوو کە لە نێو جەرگەی وڵاتانی ئازادو دیمۆکراتیکدا پیلانی تیرۆری بۆ داڕێژرا؟
لە ئاستی نێونەتەوەییدا هێندێك لە بزاڤە كۆمەڵایەتی، نەتەوەییو سیاسییە بەناوبانگەکان بە ناوی كەسایەتییە بلیمەتەکانەوە دەناسرێنەوە یان بەوانەوە دەبەسترێنەوە. بزووتنەوەی دژی داگیرکاریی هیند بە ناوی گاندی، بزاڤی رەشپێستەكانی ئەمریكا بە ناوی مارتین لۆتێر كینگ، جووڵانەوەی دژی نەژادپەرستیی ئەفریقای باشوور بە ناوی نێلسۆن ماندێللاو بزووتنەوەی میللی ـ دێموكراتیكی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی دوكتور قاسملووەوە گرێ دراوە.
دوکتور قاسملوو تهنیا له کوردستانو ئێران و ناوچەدا به دوای دوست پهیداکردن بۆ کوردو دۆزەکەیدا نهبوو، بهڵکوو بەردەوام ههوڵی دهدا کوردو پرسەکەی له ئاستی نێونهتهوهییشدا، بناسێنێ.
نەمر دوکتور قاسملوو لە پێوەندییە دیپلۆماسییە نێونەتەوەیییەکانیدا زۆر سەرکەوتوو بوو و توانیبووی راو سەرنجی زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ئورووپایی بۆ لای دۆزی کورد رابکێشێو هەر کات سەردانی ئورووپای دەکرد، هەموو هەوڵی لەو پێناوەدا دەخستە گەڕ کە وەک باڵوێزو نوێنەری بزاڤی رزگاریخوازی کورد، ئامانجو پرسی ئەو گەلە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دونیای رۆژاوا بناسێنێ. هەر ئەو پێوەندییە دیپڵۆماتیكە نێونەتەوەیییانەی ئەو بوو کە توانی لە لەقاودانی جینایەتەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە كوردستانو داسەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی کورددا دەوری باشی هەبێو هەروەها لە ناساندنی خەباتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییو لە نێو راگەیەنە گشتییەكانیشدا رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێ. ئەگەر چاوێک بە رادەی پێوەندییەكان، وتووێژەكانو بەشداری لە كۆنگرەو سیمینارە نێونەتەوەییەكانی د.قاسملوودا بخشێنین، ئاستی پێوەندیو چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراومان زیاتر بۆ دەردەکەوێ.
بەڕێز عەزیز ماملێ لە وتارێکدا لە ژێر ناوی "د.قاسملوو دیاردەیەکی نوێ لە بزاڤی کورددا"، لەم پێوەندییەدا دەڵێ: "لە پێوەندییە دیپلۆماسییەکاندا کاتێک بۆ یەکەم جار لە گەڵ کاربەدەستێکی پایەبەرزی کابینەی وەزیری دەرەوەی فەڕانسەو چەند کەس لە هاوکارانی کۆبۆوە، ئەوان زۆر زوو تامەزرۆی شێوەی قسە کردنو لێکدانەوەی وەزعی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئێرانو کوردستان بوون و لە نێو چاوانی ئەو دیپلۆماتە پایەبەرزانەدا رێز و کڕنۆش بۆ د.قاسملوو دەبینرا".
د.قاسملوو بە شارەزایی و لێهاتوویییەک کە لە دیپڵۆماسیدا هەیبوو، لەراستیدا لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییە پلە یەکەکانی سەردەمی خۆیدا بەرابەری دەکردو بە کورتی هەموو مەرجەکانی دەوڵەتکەسایەتییەکی کوردی لە خۆیدا کۆکردبۆوە.
لایەنی دیپڵۆماسیی دوکتور قاسملوو و زاڵبوونی گوتاری ئەوان لە ئاستی وتووێژو پێوەندییەکان لە کوردستانیشدا زۆر سهرنجڕاکێش بوو. لەم پێوەندییەدا بەڕێز مستەفا شەڵماشی لە دۆستانی نیزیکی نەمر قاسملوو دەڵێ: "له دهفتهری سیاسیدا ئێمه زۆرجار میوانی گهورهی سیاسیو سهرکردهی سیاسیمان دههات. ههر له ڕێبهرانی کوردهوه، ههتا رێبهرانی ڕێکخراوه ئێرانییهکان، ههتا نوێنهرانی دهوڵهت، ههتا ڕۆژنامهنووسانی ناوچهییو دهرهوه سهردانیان دهکردین. له ههلومهرجی جۆراوجۆردا، له سهرکهوتنو نسکۆدا، له ههموو ئهو کاتانهدا که دهفتهری سیاسیمان له مهاباد، له سهر شاخانی ناوچهی مهاباد، له شیوهجۆی ناوچهی سهردهشت، له مهزناوێی ناوچهی سهردهشت، له گهڵاڵێی باشووری کوردستان و له گهورهدێی باشووری کوردستان له نیزیکهوه ئاگام له ههڵسوکهوتی دوکتور قاسملوو بوو. لهو دیدارانهدا، قهت نهمدی، ڕێبهرایهتیی دانیشتنهکهی له دهست دهربهێنرێ. دوکتور قاسملوو به لێکدانهوهو ههڵسهنگاندن و دهرخستنی زانستی خۆی کارێکی وای دهکرد که میوانهکان زۆرتر دهبوونه گوێگر ههتا وتهبێژ. دوکتور ههمیشه به سهر دانیشتنهکاندا زاڵ بوو، به جۆرێک که سهرکرده بهناوبانگهکانیش، به دڵخوازی خۆیان ڕۆڵی سهرکردهی کۆبوونهوهکهیان پێدهسپارد".
د.قاسملوو سەرەڕای ئەوەیکە كوردستانی بە مەیدانی سەرەكیی خەبات لە دژی كۆماری ئیسلامی دەزانی، بەڵام بۆ بەرین کردنەوەی خەباتو چالاکی لە دژی ئەو رێژیمە، بەردەوام لە هەوڵی پێكهێنانی بەرەیەك لە هێزە دێموكراتە ئێرانییەكان بە چەپو راستەوە بوو.
نەمر د.قاسملوو لە هەستیارترینو دژوارترین هەلومەرجەكاندا باشترین هەڵوێستو سیاسەتی گرتەبەر و بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی لە ئەستەمترین قۆناغەکاندا رێبەری کردو بە هەق لە درێژەدەرانی راستەقینەی رێگای نەمر قازی محەممەد بوو و هەتا ئەمڕۆش لە رێبازیدا کە بە "رێبازی قاسملوو" ناسراوە، زیندووە.
بە سەرنجدان بەو تایبەتمەندیانەو زۆر تایبەتمەندیی بەرچاوی دیکەی د.قاسملوو بوو کە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی کۆماری ئیسلامی پیلانی تیرۆری ئەو رێبەرە مەزنەی کوردیان داڕشت.
بە تیرۆری د.قاسملوو کورد تەنیا سەرۆکی حیزبێکی لە دەست نەدا، بەڵکوو کەڵە دیپلۆماتێکی هەڵکەوتووی لە دەست چوو، کە ئەگەر مابا، بەدڵنیایییەوە دەیتوانی لە پێوەندییە نێونەتەوەیییەکانی کورددا نەخشی دیار و بەرچاو بگێڕێ.
له ژماره ٦٣٥ ی رۆژنامهی "کوردستان"دا بڵاو بۆتهوه
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر