۱۳۹۳ اردیبهشت ۱۷, چهارشنبه

دوکتور قاسملوو دەڵێ :"منیش حەزم لە شەڕ نیە"، بەڵام...(٢)، نووسین و ئامادە کردنی: حەمید تەیموری

ئاماژە: ئەم بابەتە لە سایتی پێشمەرگەکانەوە وەرگیراوە. 
دوکتور قاسملوو پیاوێکی خۆش بەرخورد و باوەڕی بە دیالۆگ بوو. ناوبراو بۆ پێشەوەچوونی ئامانجەکەی لە هەموو بوارێکدا و هەموو جیهانی ژێروبان دەکرد.dr-qasmlu-1
(مەبەست لێرە خوێندنەوەیە، موتاڵایە). هیچ کات و لەو کات و ساتەی کە لەگەڵ پێشمەرگەکاندایە لە قوژبنێکی قوڕین لە نێو دڵی دۆڵێکی دوور کەوتوو لە نێوان سنووری دەستکردی ئێران و عێراق، هێندە خۆشحاڵ نەبووە. گەرچی زۆر جاریش جێگاکانی دەگۆڕی و لەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ، بەڵام هەر دەمیش کتێبخانەکەی لەگەڵ دا بوو. دوکتور عاشقی کتێب و کتێب خوێندنەوەو شەرابی باش بوو. لە بواری خواردنیشدا لە باشترین ڕستۆرانی پاریس بایا یان لە زستانی ساردی کێوەکانی کوردستان هیچ بۆی جیاوازی نەبوو هەر وەک یەک هەستی بە ئارامی و ئاسایش دەکرد. ناوبراو کە دوکتۆرای لە بواری زانستی ئابوری دا هەبوو
، عاشقی مێژوو ئەدەبیات و زانستی باشی لە سەر هۆنراوەی کوردی و فارسی و عەرەبی و لە هەمان کاتیشدا بە هێنانەوەی بەڵگە لە هوگۆHugo، بودلێرBaudelaire، واڵت وایتمەنWalt Whitman و تۆماس ئلیوتThomas Eliot بۆ باسەکانی کەڵکی وەردەگرت. قاسملوو مرۆڤێکی خۆشەویست، بیروباوەڕێکی کراوە و ئامادەی خزمەت بە هەموو لایەک بوو. ئەزموونی زۆری هەبوو بە زانینی شەش زمان ئەویش بە نووسین و قسەکردن. ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر کەسێک لەگەڵی قسەی کردبایە، قەد لە بیری نەدەچووەوە و ناچێ، ئێستاشی لەگەڵ بێ باسی کەسایەتی ناوبراو دەکەن. هەموو کەسێک، هەر لە لایەنگران و ئەندامانی حیزبەکەی، ڕۆشنبیران، پزشکان، باڵوێزەکان، وەزیر و سیاسیەکانی حیزبەکان چ لە چەپ چ لە ڕاست بە بەبیرهێنانەوەی وتوێژێکی تەنانەت دوراودوریش دەکەوتنە ژێر کاریگەری و سەرنجڕاکێشی ناوبراوەوە و تەنانەت دانیشی پێدا دەنێن. لەم سەدەی بیستەمەشدا کەسی وەها دەگمەن پەیدا دەبێ کە بۆچوونێکی وەهای لەسەر خۆی هەبێ. زیاتر لە بیست ساڵە لە سەر تێرۆری وییەن دەگوزەرێ، بەڵام جنایەتەکە هەروەها بێ سزا ماوەتەوە. بێ گومان دوکتور قاسملوو ئامانجی ئەم جنایەتە بوو، بە تەنیاش نەبوو هاوکارەکەی عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ رەسوڵی دۆستیشی هاوسەفەری بوون و شەهید کران.
qasmlu-dostan
دوکتور قاسملوو زۆر باش لە دەرد و مەینەت و ئازارو ئەشکەنجەی تاک و کۆی میللەتەکەی دەگەیشت، چوونکە بۆ خۆی ئەو دەردو ئازارو ئەشکەنجەیە چ بە ڕۆحی و چ بە فیزیکی چێشتبوو. خاتوو نەسرینی خێزانی لە کتێبەکەی بە ناوی "ئۆرووپاییەک لە وڵاتی کوردان" لە لاپەڕەی ٢٦٠ باسی ئەشکەنجەی دوکتور قاسملوو لە لایەن ساواکەوە لە تاران دەکا.
 نەسرین خانم دەنووسێ لە تاران لەگەڵ دوکتور بە نهێنی دەژیاین و بۆ ئەوەی رزگارمان بێ و دەرباز بین بەرەو ئۆرووپا ناچار بووین بە هەزار دەردەسەری و کوێرەوەری و لە نێو بەفر و سەرماو سۆلەی زستان و بە تاریکە شەو بە سواری گوێ درێژ و بە پێی و دوو منداڵ بە کۆڵەوە خۆمانمان گەیاندە باشوری کوردستان و ئەو جار بە نهێنی و بە مەبەستی زیارەتی کربلا و نجف گەیشتینە بەغدا. سەرەڕای ژیانێکی هەژارانە و دەست کورتی نزیکەی هەشت مانگ لە بەغدا ماینەوە. عەبدولڕەحمان بۆ کارو باری حیزبی دەڕۆیشت و پاش ماوەیەک دیار نەماو ئێمەش نەماندەزانی چی بکەین. ڕێگەی ئۆرروپاشمان لێی گیرابوو حکومەتی عێراقی ئیجازەی دەرچوونی ئێمەی نەدەدا. ئەو جار ناچار بووینەوە بە یارمەتی هەڤاڵانی حیزبی جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئێران و بەڵکو لە تارانەوە دەربازمان بێ.  هەر جۆرێک بێ لەگەڵ هەر دوو کچەکەم لە بەغدا بە ئۆتوبوس و لە ڕێگای خانەقین و قەسری شیرین بە ترس و لەرزەوە گەیاندمانیانە تاران. بەڵام هەڤاڵانی حیزبی ئادروسی ماڵێکیان پێ داین کە بچینە ئەوێ و وتیان لەو ماڵە چاوەڕوانتانن. خێرا تاکسیەکم گرت بۆ ئەوەی نەگیرێن بەرەو جێگای ئادرس بەڕی کەوتین. لەبەر دەرگا ڕاوەستاین و لە دەرگامان دا ئەویش بە دڵەڕاوکێ، ئەو کەسەی کە دەرگای بەڕووماندا کردەوە مێردەکەم واتە دوکتور قاسملوو بوو. پاش حەسانەوە لێم پرسێ چۆن وێراوتە بگەڕێتەوە تاران و ئەو ماوە دوورودرێژە ئێمە لە بەغدا بووین تۆ لە کۆی بوی و بۆ هیچ هەواڵیکت نەبوو. دوکتور چ لە ژیانی تاکە کەسی و چ لە ژیانی حیزبایەتی نهێنی پارێز بوو هیچ نهێنیەک تەنانەت من کە هاوسەری بوم باس نەدەکرد. بەڵام ئەم جارە دانی بەوەی کە بۆی پێش هاتبوو، نا. عەبدولڕەحمان وتی لەو کاتەی کە ئێوە لە بەغدا بوون، من لەگەڵ ئیسماعیلی ئامۆزام لە لایەن ساواکەوە دەستگیر کراین. هەر دووکمانیان ڕۆژانە  ئەشکەنجە دەکرد. ناوبراو وتی هەردوو لاقیان دەبەستمەوەو هەڵیان دەواسیم و لێیان دەدام. لەو کاتەی کە قسەی دەکرد سێنگی پیشان دام و جێ زامی لێدانەکان بە سێنگیەوە دیار بوون. پاشان وتی ساواک داوای زانیاریان لیێ کردووەو ئەویش هیچ شتێکی باس نەکردووە. سەرەڕای ئەو کێشانەی کە لێرەدا باسی ناکەم بە زیرەکی خۆی لە دەستی ساواک دەرباز دەبێ.
 هەر جۆرێک بێ پاش تێرۆری دوکتور لە ساڵی ١٩٨٩، بڕیارمداو سەردانی ماڵی ئەحمەدی برای دوکتور قاسملووم کرد بۆ ئەوەی بە نێو یادداشت و نووسینەکانیدا بڕۆمەوە و زانیاری زۆرتر دەستم کەوێ. لەوێدا ئەحمەد بۆی باس کردم کە چۆن دوکتور قاسملوو لە دەستی ساواک رزگاری بووە. لە تاراندا سەرهەنگێک بوو بە ناوی زیبایی و لە نێو ساواکدا مەسئوولی ئەشکەنجە و کوشتن و ئیعدام بوو. ئەم زیباییە کەسێکی دڕندەو زۆرینەی خەڵکی تاران لێی دەترسان. ئەگەر کەسێکی دەگرت یان دەیان دا بەدەستیەوە لە پێشدا لێکۆڵینەووەی لەسەر ئەم زیندانیە دەکرد کە بزانێ دەوڵەمەندە یان هەژارە. هەژار بایا ئەوە ئەشکەنجەی دەدا تاکو ئەو کەسە دەمرد یان دەیکوشت. کە دەزانێ بنەماڵەی دوکتور دەوڵەمەندن ڕاست دەڕوا بۆ لای کاک ئەحمەدی برای دوکتور قاسملوو کە ئەو سەردەمانە لە تاران دەبیر بوو. پێی دەڵێ کە قاسملووم گرتوەو سزای سێدارەی لە سەرە، ئەگەر دەتەوێ براکەت ئازاد بێ ئەوە دەبێ ٥٠٠٠ تمەنی ئەو کاتە بە سەرهەنگ زیبایی بدا. کاک ئەحمەدیش هەرچەند سەر دێنێ و سەردەبا ئەو ٥٠٠٠ تمەنە چۆن بەدەست بێنێ.  بۆ ئەوەی دوکتور رزگاری بێی قەبووڵی دەکا ئەو پارەیە بە زیبایی بدا بە مەرجێک دوکتور لەگەڵ خۆی بباتە ماڵیان و ئازادی بکا و دوکتور بڕوا و ئەویش پارەکەی پێی بدا. لە کاتی ئازاد بوونی و پاش چەند ساڵێکیش تەنانەت پێوەندی تەلەفونیشی لەگەڵ ئەحمەدی برای نەبوو.
خاتوو نەسرین خێزانی دوکتور قاسملوو لە کتێبەکەیدا دەنووسێ کە مێردەکەی لە جێگایەکدا لە یادداشتەکانی ئەم ڕستەی ئاندرە مالروAndre Malraux نووسیووەتەوە کە دەڵێ: "بێ ئەوەی حەزم لە شەڕ بێ، شەڕم کرد". دوکتوریش دەڵێ:" منیش حەزم لە شەڕ نیە، شەڕ نە تەنیا ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە نێو دەبا، بەڵکوو دەبێتە هۆی کوشتنی مرۆڤەکانیش، بەڵام دەوڵەتەکان هیچ هەڵبژاردنێکیان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە و پێشمەرگەکانی ئێمەش شۆڕشگێڕانی لێهاتوون".
ستۆکهۆڵم ـ سوید
٣ ـ ٧ ـ ٢٠١٣
حەمید تەیموری
سەرچاوەی ئەم نووسینە: "کتێبی ئۆرووپاییەک لە وڵاتی کوردان" لە نووسینی نەسرین قاسملوو. وتاری مارک کراڤێتس "عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ژیاندایە".
مارک کراڤێتسMarc Kravetz ژۆرنالیستی ڕۆژنامەی لیبراسیۆنی فەرانسەیە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر