۱۳۹۳ تیر ۲۳, دوشنبه

قاسملوو رێبه‌رێکی پێشه‌نگ بۆ هه‌موو نه‌وه‌کان

قاسملوو رێبه‌رێکی پێشه‌نگ بۆ هه‌موو نه‌وه‌کان


شه‌ریف فه‌لاح

له‌ناو هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و وڵات و له‌ هه‌ر قۆناغ و زه‌مه‌نێکدا به‌ ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ‌ که‌سایه‌تییه‌ک بتوانێ‌ به‌ هزر و ئه‌ندێشه‌ی هاوچه‌رخه‌وه‌ که‌ش و دۆخێکی وا بخولقێنێ‌ و بیرۆکه‌ی سه‌رده‌میانه‌ و دواڕۆژبین بێنێته‌ ئاراوه‌ که‌ بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان و بۆ هه‌موو نه‌وه‌کان کاریگه‌ر بێت. هه‌ر مرۆڤێک رۆڵه‌ی سه‌رده‌می خۆیه‌تی و ته‌نیا بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ری خۆی و له‌وانه‌یه‌ دوو نه‌وه‌ دوای خۆی بتوانێ‌ داهێنان بخوڵقێنی، به‌ڵام مرۆڤه‌ هه‌ڵکه‌وته‌ و بلیمه‌ته‌کان، ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ئازادیخوازی و رزگاریی مرۆڤیان کردۆته‌ ئامانج، ده‌گمه‌نن و کاریگه‌ری و شوێن په‌نجه‌ و شه‌قڵی بیروباوه‌ڕیان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌مێنێ‌.


شه‌هید دوکتۆر قاسملوو له‌و ده‌گمه‌ن رێبه‌رانه‌ی هاوچه‌رخی کورده‌ که‌ به‌ هزر و جیهانبینییه‌کی مرۆڤ ته‌وه‌رانه‌ و رچه‌شکێن توانی هه‌م له‌ناو نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌ی خۆی و له‌ چه‌قی خه‌باتی دێمۆکراتیکی کورددا توانی نوێگه‌رایی و داهێنان بخولقێنێ‌ و پێکهاته‌یه‌کی هاوچه‌رخ و مه‌ده‌نیانه‌ له‌ حیزبایه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌دا بێته‌ ئاراوه‌ و هه‌م له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و پرسه‌ سیاسی و دیپلۆماسیه‌کانیشدا هه‌ڵگری په‌یامی ئینسانی، ئاشتی و سه‌قامیگریی دونیاریه‌کی به‌ده‌ر له‌ توندوتیژی بوو. په‌یام و ئه‌ندێشه‌ هاوچه‌رخه‌کانی دوکتۆر قاسملوو توانیان سیما و پیناسه‌یه‌کی تر له‌ ناوه‌رۆکی خه‌باتی سیاسی و نیشتمانیی کورد بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بخه‌نه‌ روو.


جیهانێک که‌ پێشتر به‌ تێڕوانین و نیگایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌ کورد و خه‌باته‌ ره‌واکه‌ی ده‌ڕوانی، دوکتور قاسملوو توانی ئه‌و شقڵه‌ بشکێنێ‌ و هه‌نگاوێک هه‌ڵبگرێت و له‌راستای به‌ نێوده‌وڵه‌تی کردنی پرس و کێشه‌ی سیاسیی کوردا هه‌نگاوی به‌کرده‌وه‌ و بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵبگرێت.


زانیاری و وشیاریی ئه‌و مرۆڤه‌ بلیمه‌ته‌ و خوێندنه‌وه‌ی وردبین و واقیع بینانه‌ی بۆ رووداوه‌کانی سه‌رده‌م و دواتری خۆی، توانیان که‌سایه‌تییه‌کی لێ‌ بخولقێنن که‌ ئه‌ندێشه‌ و بیرۆکه‌ و رێبازه‌که‌ی نه‌ته‌نیا بۆ سه‌رده‌می خۆی به‌ڵکوو بۆ نه‌وه‌کانی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی ره‌وای کورد و داهاتووش چرای رێگا و هیوابه‌خش بن.


دوکتۆر قاسملوو هێما و داهێنه‌ری ئه‌خلاقی سیاسی و سیمای دێمۆکراتیک و رێزدانان بۆ بنه‌ما و جه‌وهه‌ره‌ مرۆییه‌کانه‌، داهێنه‌ری پڕه‌نسیی سیاسی و حیزبایه‌تیی سه‌رده‌مه‌ له‌ مه‌یدانی بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌گشتی و بنیاتنه‌ره‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی حیزبی دێممکرات به‌تایبه‌تی و ده‌ست نیشانکه‌ری رێباز و ستراتیژه‌ درێژخایه‌ن و جه‌وهه‌رییه‌کانی ئه‌م حیزبه‌یه‌، که‌ وایه‌ مرۆڤ و داهێنه‌رێک که‌ هه‌ڵگری ئه‌م توانایی و خه‌سڵه‌تانه‌ بێت، ده‌توانی رێبه‌رێکی پێشه‌نگ بێت بۆ هه‌موو نه‌وه‌کان.


مرۆڤێک که‌ هه‌ڵگری ئه‌م تایبه‌تمه‌نییانه‌ بێت، کاریزمایه‌ک که‌ له‌پێناو بیروباوه‌ڕه‌کانی به‌ ئاشتی و رزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌ی و سه‌لماندنی ره‌وایی خه‌باتدا له‌ مه‌رگ نه‌ترسا و مردن له‌سه‌ر مێزی ئاشتی و بوون به‌ سیمبۆل و هێمای نه‌ته‌وه‌که‌ی کرده‌ ئامانج و له‌پێناو باوه‌ڕمه‌ندبوون به‌ ئاشتیی مرۆڤدا شه‌هید کرا.


مرۆڤێک، رێبه‌ر و پێشه‌نگی خه‌باتی هه‌موو نه‌وه‌کانه‌ که‌ پاش 23 له‌ شه‌هید کرانی، رۆڵه‌کانی نیشتمانه‌که‌ی سروود و په‌یامه‌ به‌رزه‌ ئینسانیه‌که‌ی له‌ناو دڵی دوژمندا ده‌ڵێنه‌وه‌ و دوژمن له‌ کاریگه‌ریی ئه‌ندێشه‌کانی زراوی چووه‌ و به‌ هیچ پیلان و سه‌رکوت و تۆقاندنێک ناتوانێ‌ ئه‌ندێشه‌کانی له‌ هزری نه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆدا بسڕێته‌وه.


هزرڤانێنک پێشه‌نگی کاروانی ئازادییه‌ که‌ پاش زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌ له‌ شه‌هید کرانی، ئه‌ندێشه‌ و بیروباوه‌ڕه‌ مرۆییه‌کانی بوونه‌ته‌ چراوگی رێگا و له‌ قوتابخانه‌ی دێمۆکرات و کوردایه‌تیدا ده‌وترێنه‌وه‌ و شه‌پۆلی زه‌ریای مرۆڤدۆستیی هه‌موو کۆنه‌په‌رست و تاریک بیران نغرۆ ده‌کات و ده‌یانخاته‌ که‌ناری له‌بیر کرانه‌وه.


قاسملوو تاڤگه‌یه‌کی خرۆشانه‌ که‌ باڵای شینی شادی به‌خشی ده‌شت و زنوێر و چیایه‌، قاسملوو شنه‌بایه‌کی ده‌شت و سارایه‌ که‌ به‌ باڵای چیادا هه‌ڵده‌زنێت و له‌ قه‌دی کێوپاڵ ده‌ئاڵێت و باوه‌ش به‌ خاکا ده‌کات و به‌ ژێی که‌زییه‌کانی شه‌ماڵ گۆرانیی هه‌رمان و راچه‌نین ده‌چڕێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر